بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت ئۆپێک ئامادەکاری دەکات

"ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر دابەزێنێت"

K24 - ھەولێر

چەند سەرچاوەیەک بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، رێکخراوی ئۆپێ دەیەوێت پابەندبوون بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس تا مانگی حوزەیران درێژ بکرێتەوە.

هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە، ئەگەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەو شێوەیە بەردەوام بێت خواستی چین بۆ نەوت کەمتر بێتەوە، ئەگەری هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر لە لایەن ئۆپێکەوە کەمبکرێتەوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، ئەو دابەزینە خێرایەی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوو بەرپرسانی ئۆپێکی دووچاری دڵەڕاوکێ کردووە، و ترسیان لەوەیە ئەو ڤایرۆسە نوێیە زیانی زیاتر بە دوای خۆیدا بهێنێت، جگە لە چین زیان بە چەند وڵاتێکی دیکەش بدات و کاریگەری بکاتە سەر گەشەی ئابوورییەکانیان، بەوەش خواست لەسەر نەوت زیاتر دابەزێت.

ئەمە لە کاتێکدایە نرخی نەوت سەرەڕای بەرزبوونەوەی دوای شەش رۆژی بەردەوام کە دابەزین، بەڵام تا ئێستا لە ژێرا ئاستی 60 دۆلاردایە، کە ئەوەش کەمترین ئاستی سێ مانگی رابردوویەتی.

ھ.م