ماستەرپلانی نوێی رێگاوبان لە قۆناغی کۆتاییدایە و شارەکان بە دەروازە سنوورییەکان دەبەستێتەوە
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 80%ـی کارمەند و کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری پڕۆژەکانی رێگاوبان لە هەرێمدا خۆماڵین، ئاماژە بەوەش دەکات ئاستەنگەکانی بەغدا لە ناردنی بودجە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی تەواوبوونی پڕۆژەکانن.
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کاروباری ڕێگاوبان، لەبارەی دوایین بەشداریکردنی شاندی وەزارەت لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ڕێگاوبان و ئاستی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان، چەندین زانیاریی خستەڕوو و رایگەیاند: بەشداریکردنیان لە چوارەمین کۆنفرانسی ناوچەیی ئاسیای ناوەڕاستی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رێگاوبان (IRF) بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و سوودوەرگرتن بووە لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا و ئاسیا لە بواری رێگاوبان، بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان و بەکارهێنانی کەرەستە و شێوازی مۆدێرن بۆ جێبەجێکردنیان. گوتیشی: لە کۆنفرانسەکەدا هیچ گرێبەستێک واژۆ نەکراوە، بەڵکو بەشداریمان لە سەرجەم کۆبوونەوە و پانێڵەکاندا کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین پێشکەوتنە جیهانییەکان بین، هەروەها سەرجەم ئەو زانیاری و تەکنەلۆجیا و ئامێرانەی لە کۆنفرانسەکەدا خرانەڕوو لە ڕاپۆرتێکی ورددا پێشکەشی وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەکرێن تاوەکو لێکۆڵینەوە و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.»
سەبارەت بە ئاستی رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: ئەو پڕۆژە و رێگایانەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو و مۆدێرندان، پەرەپێدانی رێگاوبانیش پەیوەست نییە بە تەنیا وڵاتێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان لەسەر هێڵین بۆ وەرگرتنی نوێترین تەکنەلۆجیا.
لەبارەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکردیش، ئاگرین عەبدوڵڵا روونکردنەوەی دا: لە ئاستی جیهانیشدا هێشتا ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی بەرفراوان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنی پڕۆژەکانەوە بەهۆی بوونی جۆرێک لە دوودڵی و نیگەرانی لەبارەیەوە، بەڵکو بە شێوازێکی دیاریکراو تەنیا لە کۆکردنەوەی داتا و بەڕێوەبردنی هاتووچۆدا سوودی لێ وەرگیراوە، لە هەرێمی کوردستانیشدا تا ئێستا ژیریی دەستکرد لە پڕۆژەکانی رێگاوباندا بەکارنەهێنراوە و هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراویش نییە لەسەر ئەوەی کۆمپانیاکان بەکاریان هێنابێت، بەڵام وەک وەزارەت بیری لێ دەکەینەوە و لە پلانماندایە لە داهاتوودا سوود لەم تەکنەلۆجیایە وەربگرین.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جەختی لەوە کردەوە کە هێزی کاری ناوخۆیی لە پڕۆژەکانی رێگاوباندا باڵادەستە و گوتی:زۆربەی زۆری ئەو کۆمپانیا گەورانەی لە بواری رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کۆمپانیای خۆماڵین، هەروەها زیاتر لە 80% تا 90%ـی کادیر و ئەندازیاران، بەڕێوەبەران، ژمێریاران و کرێکاران، خەڵک و توانای ناوخۆیی هەرێمی کوردستانن.
ئاگرین عەبدوڵڵا، تیشکی خستە سەر ماستەرپلانی نیشتمانیی رێگاوبان و گوتی:ئەو ماستەرپلانەی لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە لە چوارچێوەفی وۆرکشۆپێکدا پێشکەش کرا، تیشک دەخاتە سەر بەستنەوەی سەرجەم شارە سەرەکییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکترەوە بە شێوازێکی زانستی، و لە ئێستادا کارەکانی بەرەو قۆناخی پەسەندکردنی کۆتایی دەچێت.
سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکان، بریکاری وەزارەت بە ڕاشکاوی رایگەیاند: ناتوانرێت بە دیاریکراوی کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکان دیاری بکرێت، چونکە تەواوبوونیان راستەوخۆ پەیوەستە بە دابینکردنی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا. کاتێک بودجە لە کاتی دیاریکراودا نەبێت، پڕۆژەکانیش دوادەکەون، بەتایبەت کە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق هەمیشە ئاستەنگ بۆ دابینکردنی بودجە و شایستە داراییەکان دروست دەکات.
ئەم لێدوانانە لە پەراوێزی بەشداریکردنی شاندێکی باڵای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت بە سەرۆکایەتیی ئاگرین عەبدوڵڵا ، لە چوارەمین کۆنفرانسی ناوچەیی ئاسیای ناوەڕاستی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕێگاوبان (IRF). کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و بە بەشداریی نوێنەرانی زیاتر لە 35 وڵات بەڕێوەچوو، کە تیایدا تیشک خرایە سەر تەکنەلۆجیای نوێی ڕێگاوبان، ئالنگارییەکان، سەلامەتی هاتووچۆ و بەستنەوەی تۆڕی نێودەوڵەتیی رێگاوبان. هاوکات لە رۆژی یەکەمدا شاندی هەرێمی کوردستان گوتاری فەرمیی وەزارەتی پێشکەش کرد و بەشداریشی لە خولی نێودەوڵەتیی تایبەت بە گرێبەستەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەریی پڕۆژەکان (PBC) کرد.

