سائیروون و فه‌تح كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانیان یه‌كلا كرده‌وه
دوای هۆشدارییه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار رایگه‌یاند، هه‌ردوو كوتله‌ی هاوپه‌یمانی "فه‌تح و سائیروون"، رێككه‌وتن، "محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی" بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید بكه‌ن.
كه‌ناڵه عێراقییه‌كان له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ئه‌وه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه، هه‌ردوو كوتله‌كه دوای گفتوگۆیه‌كی چڕ به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوون.
دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، عێراق رووبه‌ڕووی قه‌یرانی نه‌بوونی كاندیدێك بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌ته‌وه. لایه‌نه سیاسییه‌كان له ناو خۆیاندا نه‌یانتوانیوه كاندیدێكی ته‌وافقی بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان بكه‌ن.
پێشتر سه‌رۆك كۆماری عێراق له (26ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسێمبه‌ری 2019)دا، كاندیدی كوتله‌ی (البناء)، "ئه‌سعه‌د عیدانی" ره‌تكرده‌وه. رایگه‌یاند، ئاماده‌یه ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه، به‌ڵام ئاماده نییه ناوبراو راسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.
له نوێترین پێشهاتیشدا، ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه سه‌رۆك كۆماری عێراق، "به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح" په‌یامێكی ئاراسته‌ی كوتله‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرد، ماوه‌ی ته‌نیا (3) رۆژی وه‌ك مۆڵه‌ت بۆیان دیاریكرد، كه له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بگه‌نه دوا بڕیار.
سه‌رۆك كۆمار داواشی له لایه‌نه‌كان كرد، به‌زووترین كات ده‌ست به دانوستانی سیاسیی بونیاتنه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بگه‌نه رێككه‌وتن، كه جێگای ره‌زامه‌ندی گه‌لی عێراق بێت. دواتر ناوی كاندیده‌كه بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌رز بكرێته‌وه. تاكو فه‌رمانی راسپاردنی بۆ ده‌ربكرێت.
سه‌رۆك كۆمار له په‌یامه‌كه‌یدا دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌ركێكی نیشتمانیی ده‌ستووری له‌سه‌ر شانی سه‌رۆك كۆماره بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه و ئه‌گه‌ر كوتله سیاسییه‌كان نه‌یانتوانی له ماوه‌ی دیاریكراودا ئه‌و پرسه یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، ئه‌وا له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆماره، كه‌سێكی شیاو بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان بكات".