سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق بناسه
ژماره‌یه‌ك پۆستی ئیداری به‌ده‌سته‌وه بووه و ناكۆكی له‌گه‌ڵ حزبی ده‌عوه و نوری مالكی هه‌بووه
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د عه‌للاوی، كه له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق وه‌ك شوێنگره‌یه‌وه‌یه‌ك بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق راسپێردراوه، له ژیانی سیاسی و ئیداریدا چه‌ندین وێستگه‌ی گۆڕیوه.
خوێندنی:
محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌للاوی، قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له به‌غدا ته‌واكردووه و دواتر له به‌شی بیناسازی كۆلیژی ئه‌ندازیاری له زانكۆی به‌غدا وه‌رگیراوه. له دوایین ساڵی خوێندنی له ساڵی 1977 به‌هۆی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تێكی ره‌شبگیری له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه، ناچار بووه له خوێندنه‌كه‌ی دابڕێت و به‌ره‌و لوبنان وڵات جێ بهێڵێت. دواتر له ساڵی 1980 له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له به‌یروت بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی به‌ده‌ستهێناوه.
چلاكییه پیشه‌ییه‌كانی:
ته‌وفیق عه‌للاوی یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كێبڵ و ته‌لی كاره‌با له ئه‌بوغرێب، وێڕای پیشه‌سازی موازیك و (pvc) و پلاستیك له عێراق، به‌ر له‌وه‌ی ته‌واوی سامانه‌كه‌ی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی له‌لایه‌ن رژێمی سه‌دامه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگیرێت.
كۆمپانیای (First Call) بۆ درووستكردنی (CD) له به‌ریتانیا دامه‌زراندووه و له بواره‌كانی دیزاینی ته‌لارسازی، به‌ڵێنده‌رایه‌تی و بازرگانی له به‌ریتانیا و لوبنان كاری كردووه.
چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی:
له میانه‌ی رێكخراوی "دانوستانی نێوان ئاینه‌كان" (Interfaith International) له جنێڤ ئه‌ندامی یه‌كێك له پێكهاته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بووه، كه سیفه‌تێكی راوێژكاری له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌رگریكردن له مافی مرۆڤ هه‌بووه، به تایبه‌ت مافی مرۆڤی عێراقی له‌و ماوه‌یه‌ی كه گه‌مارۆی ئابووری له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی بوو.
له نه‌وه‌دكانی سه‌ده‌ی رابردوو له كۆماری یوگسلافیای پێشوو، رێكخراوی بانگی كۆسۆڤۆ (Kosovo Appeal) بۆ به‌رگری و به‌هاناوه‌چوونی كه‌مینه‌ی سته‌ملێكراو دامه‌زراندووه.
چلاكییه سیاسییه‌كانی:
په‌یوه‌ندی به حزبه ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه:
ئه‌و كاته‌ی محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌للاوی له زانكۆی به‌غدا قوتابی بووه، ئاراسته‌ی به‌لای ئیسلامییه‌تدا بووه و كه‌سێكی نزیكی محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در بووه، ئه‌ندامی حزبی ده‌عوه بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ناكۆكی ده‌كه‌وێته نێوان حزبی ده‌عوه و محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در، له‌و حزبه ده‌كشێته‌وه، دواتر به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی له ئه‌یاد عه‌للاوی و دووركه‌وتنه‌وه‌ی له حزبه ئیسلامییه‌كان، رووبه‌ڕووی به‌رهه‌ڵستییه‌كی زۆر بووه‌ته‌وه، كه دواجار له ساڵی 2015 ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی له كۆنگره‌یه‌كی گشتیدا له عه‌مانی پایته‌ختی ئوردن راگه‌یاند.
په‌یوه‌ندیكردنی به كوتله نیشتیمانییه‌كان:
محه‌مه‌د عه‌للاوی له جیاكاری له نێوان سیاسه‌ت و ئایندا باوه‌ڕی به چه‌مكی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیه‌ت هه‌بوو، هه‌ربۆیه له ساڵی 2005 ـه‌وه له رێگه‌ی لیسته‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌للاوییه‌وه چووه ناو ركابه‌رییه سیاسییه‌كان، كه ئه‌و لیسته تا ئێستا به چه‌ندین ناونیشانی جیاوازی وه‌ك "لیستی عێراقییه، لیستی نیشتیمانی، و ئیئتیلافی نیشتمانی" به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا كردووه.
ئه‌و پۆستانه‌ی تا ئێستا وه‌ریگرتوون:
- له سه‌ره‌تای ساڵی 2006 وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌ڵبژێردرا، تا ئه‌و كاته‌ی له ناوه‌ڕاستی هه‌مان ساڵ وه‌ك وه‌زیری گه‌یاندن ده‌ستنیشانكرا و تا كۆتایی ساڵی 2007 له‌و پۆسته مایه‌وه.
- دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2008 عایده عه‌سیران، په‌رله‌مانتاری عێراق كۆچی دواییكرد، دووباره محه‌مه‌د عه‌للاوی له شوێنی ئه‌و ده‌چێته‌وه په‌رله‌مان و تا هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2010 له‌و پۆسته‌ی ده‌مێنێته‌وه.
- له ساڵی 2010 وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردرایه‌وه و دواتر له كۆتایی هه‌مان ساڵ به وه‌زیری گه‌یاندن ده‌ستنیشان كرایه‌وه. له ساڵی 2012 به‌هۆی ناكۆكی له‌گه‌ڵ نوری مالكی، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، له نامه‌یه‌كی چه‌ند لاپه‌ڕه‌ییدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد، دواتر ناوه‌ڕۆكی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی له زۆربه‌ی میدیاكان بڵاوكرایه‌وه.
ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ نوری مالكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق:
له ساڵی 2012 ناكۆكییه‌كانی نێوان محه‌مه‌د عه‌للاوی و نوری مالكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاتی عێراق سه‌ریان هه‌ڵدا، به‌م هۆیه‌شه‌وه ده‌ستی له پۆسته‌كه‌ی وه‌ك وه‌زیری گه‌یاندن كێشایه‌وه. ناكۆكییه‌كانی نێوانیان كاتێك توند بوون، كه ناوبراو له ناوه‌ڕاستی هه‌مان ساڵ له كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له حكوومه‌ته‌كه‌ی مالكی به‌شدار بوو. له ئه‌نجامی ئه‌و ناكۆكیانه‌ش، ژماره‌یه‌ك لیژنه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌للاوی پێكهێنران و به تۆمه‌تی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی، دادگا سزای 7 ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پاند، به‌ڵام دواتر له ساڵی 2014 عه‌للاوی كه ئه‌و كات له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، بڕیاریدا بگه‌ڕێته‌وه عێراق و رووبه‌ڕووی ئه‌و سزایانه ببێته‌وه كه دادگا به‌سه‌ریدا سه‌پاندووه، دوا جار به‌هۆی نه‌بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانهی خرابوونه پاڵ، دادگا بڕیاری ئه‌ستۆپاكی بۆ ده‌ركرد.
H.B