كڵاوشینه‌كانی عێراق كێن
ره‌وتی سه‌در وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ره‌وتی سه‌در به سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در ئاشكرایكرد، بڵاوبوونه‌وه‌ی "كڵاوشینه‌كان" له به‌غدای پایته‌ختی عێراق و پارێزگاكانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئه‌منییه تایبه‌تمه‌نده‌كان كراوه.
كڵاوشینه‌كان له ئه‌ندامانی گروپی "سه‌رایا سه‌لام"ی سه‌ر به موقته‌دا سه‌در پێكهاتوون، كه گروپێكی چه‌كداری ناو حه‌شدی شه‌عبییه، به‌ڵام به‌ر له چه‌ند مانگێك به فه‌رمانی سه‌در سه‌رجه‌م باره‌گاكانیان داخست.
دوای چه‌ند كاتژمێرێك له ئاراسته‌كردنی ئه‌و گروپه له‌لایه‌ن سه‌دره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان رێگا داخراوه‌كان بكه‌نه‌وه و كۆتایی به خۆپیشاندانه‌كان بهێنن، له چه‌ندین شوێن گرژی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌نێوان كڵاوشینه‌كان و خۆپیشانده‌ران روویدا و ده‌یان كه‌سیش برینداربوون.
حاكم زاملی، سه‌ركرده له ره‌وتی سه‌در رایگه‌یاند: "بڵاوبوونه‌وه‌ی كڵاوشینه‌كان له به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان بووه و ئامانج لێی بۆ پاراستنی خۆپیشانده‌رانه له ئاژاوه‌گێڕان".
زاملی گوتیشی: "كڵاوشینه‌كان كار بۆ رێگریكردن له به‌لاڕێدابردنی خۆپیشاندانه‌كان و ده‌رچوون له ئاشتیانه ده‌كه‌ن و رێگه به هیچ ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ناده‌ن، هه‌موو ئه‌مه‌ش به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن و پێشوازیشیان له‌و هه‌نگاوه‌ی كڵاوشینه‌كان كردووه".
H.B