كڵاوشینەكان لە بەغدا خاڵی پشكنین دادەنێن
سەدر جارێكی دیكە داوای خۆپیشاندانی فراوان دەكات
K24 - ھەولێر
کڵاوشینەکان، کە زۆربەیان چەکدارانی سەر بە میلیشیای سەریا سەلامن، لە چەند گەڕەکێکی بەغدا و ژمارەیەک شاری دیکە بڵاوبوونەوە و هاوشێوەی هێزە ئەمنییەکان، خاڵی پشکنینییان دامەزراندووە و موقتەدا سەدریش جارێكی دیكە داوا دەكات خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامبدەن.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لەم ماوەیەدا چەندین جار بۆچوونی خۆی لەسەر خۆپیشاندانەكانی عێراق بگۆڕێت، ھەر رۆژەی لەسەر رایەکی جیاوازە و تویتەکانی هەر رۆژە و بە جۆرێکە. ماوەیەک لەمەوبەر خۆپیشاندانی فراوانی لە بەغدا رێكخست، دواتر داوای کشانەوەی لایەنگرانی كرد لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان، کە زانی خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، داوای لە کڵاوشینەکان کرد بچنەوە نێو خۆپیشاندەران، پاشان داوای لە لایەنگرانی کرد، بە تایبەت کڵاوشینەکان کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بێنن، ئێستاش بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و گوتنەوەی درووشمەكان لە دژی، جارێکی تر سەدر، داوا لە لایەنگرانی دەکات خۆپیشاندانی فراوان دەستپێبکەنەوە بۆ پشتگیری لە خەڵکی ناڕازی.
ئەمجارەشیان سەدر لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی، پێویستە لە رێگەی ئاپۆرای خەڵکەوە، پاڵپشتی شۆڕشگێڕان بکرێت، تا هێزو بازویان، لە دژی گەندەڵکاران بەهێزتربکرێت و پارێزگاریش لە ئاشتیانە و گەورەیی خۆپیشاندانەکان بکرێت.
لە تویتێکی پێشووتردا، سەدر داوای پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی لە پێناو دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و پرۆسەی خوێندن کردبوو.
لەلایەکی دیکەوە، کڵاوشینەکان، کە زۆربەیان چەکدارانی میلیشیای سەریا سەلامن، لە چەند گەڕەکێکی بەغدا و ژمارەیەک شاری دیکە بڵاوبوونەتهوە و هاوشێوەی هێزە ئەمنییەکان، خاڵی پشکنینییان دامەزراندووە و ئۆتۆمبێل و خەڵک دەپشکنن.
ئێستای دۆخی عێراق بەشێوەیەکە، لەگەڵ تویتەکانی موقتەدا سەدر، گۆڕانکارییەکان لەو وڵاتە روودەدەن، تەنانەت تا ئەو رازی نەبوو لەسەر کاندیدکردنی محەمەد عەللاوی، نەتوانرا شوێنگرەوەی عادل عەبدولمەهدی دیاری بکرێت.
ھ.م