ده‌روازه سنوورییه‌كان به ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێن
وادەی جێبەجێكردنی ئەو سیستمە دیاركراوە
K24 - ھەولێر
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە، تا كۆتایی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ، سه‌رجه‌م ده‌روازه سنوورییه‌كان به ئه‌لیكترۆنی بكرێن، ھەروەھا ده‌روازه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌یه‌ك سیستەم ببه‌سترێنه‌وه، ئەمەش به ئامانجی زیادكردنی داهات و بوونی شهفافیەت له داهاتی ئه‌و خاڵه سنوورییانە.
عەبدولخالق عەبدوڵڵا، جێگری بەڕێوبەری گومرگی ھەرێمی كوردستان، به كوردستان24 راگه‌یاند، تیمه‌كانیان كار له‌سه‌ر به ئه‌لیكترۆنی كردنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، ئه‌م سیستمه سه‌رجه‌م ده‌روازه سنوورییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه، به‌مه‌ش كارئاسانی زۆر بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی گومرگ ده‌كات و له كۆتایی مانگی شوباتدا كۆتایی به كاره‌كان دێت.
پێشتر له ده‌روازه سنوورییەكانی باشماخ و په‌روێزخان و حاجی ئۆمه‌ران، ئه‌و سیستمه به‌كارهێنرا بوو، به‌ڵام حكوومه‌ت و وه‌زارەتی دارایی كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ن ته‌واوی ده‌روازه‌كان به‌یه‌ك سیستەم ببه‌سترێنه‌وه.
ھ.م