ئەمەریکا لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق هاتە دەنگ

هێرشی کڵاوشینەکان بۆسەر خۆپیشاندەران بەردەوامە

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرکۆنەی کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق دەکات و داواش ده‌كات میلیشیا و گروپە چەکدارەکان سزا بدرێن.

مایک پۆمێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرکۆنەی کوشتنی خۆپیشاندەرانی نەجەف و شارەکانی دیکەی باشووری عێراق کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد دەست بە رێوشوێنی بەپەلە بکەن، بۆ سزادانی میلیشیا و گروپە چەکدارەکان، کە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەکاردێنن.

پۆمێیۆ، جەختیشی لەسەر لێپرسینەوە لەو لایەنە سیاسیانەش کردەوە، کە هانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران دەدەن.

دوێنێ رووبەڕووبونەوە لە نێوان کڵاوشینەکانی سەربە موقتەدا سەدر و خۆپیشاندەران، لە نەجەف و کەربەلا روویدا و دەیان کەس کوژران و برینداربوون.

لە راگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەبارەی رووداوەکانی هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا، جەخت لەسەر هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و سزادانیان کراوەتەوە، داواش لە خۆپیشاندەران کراوە، خۆیان لە پێکداهەڵپژان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بەدووربگرن.

 H.J