كڵاوشینەكانی سەدر خۆپیشاندانەكان سست دەكەن
راوێژکاری سەربازیی موقتەدا سەدر دەچێتە ناو خۆپیشاندەران
K24 - ھەولێر
بەهۆی هەڕەشەی کڵاوشینەکانی رەوتی سەدر، ژمارەی خۆپیشاندەران لە بەغدا کەمبووەتەوە و راوێژکاری سەربازیی موقتەدا سەدریش بڕیاری كشانەوەیان دەدات.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشەی کڵاوشینەکانی سەربە رەوتی سەدر، ژمارەی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکانی تەحریر، خەڵانی و وەسبە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. هاوکات، شەوی رابردوو، ئەبو دوعا عیساوی راوێژکاری سەربازیی موقتەدا سەدر چووەتە نێو خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و بەڵێنیداوە، کڵاوشینەکان لە گۆڕەپانەکە بکشێنێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە لە نەجەف جارێکی تر خۆپیشاندەران دەستییان بە دانانەوەی خیوەتەکان، لە گۆڕەپانی سەدرەین کردەوە، کە پێشتر لەلایەن کڵاوشینەکانەوە سووتێندرابوون.
ھ.م