ئه‌نقه‌ره‌: سزایان ده‌ده‌ین

توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی توركیا، فه‌خره‌دین ئاڵتون رایگه‌یاند، ئه‌نقه‌ره‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌وانه‌ ده‌كات، كه‌ سه‌ربازانی توركیا له‌ باكووری سووریا ده‌كه‌نه‌ ئامانج.

ئاڵتون، گوتیشی: هه‌رگیز رازی نابین به‌و رووداوانه‌ی له‌ ئیدلب رووده‌ده‌ن، تاوانباران سزا ده‌ده‌ین، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان چووه‌ته‌ خوێنی سه‌ربازانی توركیا.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی له‌م رۆژانه‌ی دوایی له‌ ئیدلب روویدا، ده‌ریخست، كه‌ ئێمه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیدار له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بووینه‌ته‌وه‌.

دووپاتیكرده‌وه‌، سوپای توركیا هه‌ر یه‌ك له‌ ئۆپراسیۆنه‌كانی "قه‌ڵغانی فورات"، "چڵه‌ زه‌یتوون" و "كانی ئاشتی" به‌ ئامانجی له‌ناوبردنی ئه‌و رێڕه‌وه‌ "تیرۆریستییه‌" ئه‌نجامداوه‌، كه‌ هه‌وڵ بۆ درووستكردنی له‌ ئارادابوو.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا رایگه‌یاند، خاڵه‌كانی چاودێری سوپای توركیا له‌ باكووری خۆرئاوای سووریا، به‌ تایبه‌تی له‌ سنووری ئیدلب به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ئه‌ركه‌كانیان و وه‌ڵامی هه‌ر هێرشێك ده‌ده‌نه‌وه‌، كه‌ بكرێته‌ سه‌ریان.