لە زیقار ژمارەیەك پرد و رێگا داخران

خۆپیشاندانەكان بەرفراوان دەبن

K24 - ھەولێر

خۆپیشاندان لە شارەکانی عێراق، دژی راسپاردنی محەمەد عەللاوی بەردەوامە و لە پارێزگای زیقاریش ژمارەیەک پرد و رێگا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخران.

دوای کشانەوەی کڵاوشینەکان، خۆپیشاندانی فراوان، لە هەریەک لە بەغدا، بەسرە، کەربەلا، نەجەف، میسان، ناسرییە، دیوانییە و چەند شارێکی دیکە دەستیپێکردەوە، کە زۆربەیان خوێندکار بوون، دژی راسپاردنی محەمەد عەللاوی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت و حزبە سیاسییەکانی دەستەڵات، دروشمییان گووتەوە و داوای بەهاناوەچوونییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لە شاری حللەی ناوەندی پارێزگای بابلیش، لە نزیک باڵەخانەی پارێزگا، ژمارەیەک خۆپیشاندەر بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە تووشی هەناسەتەنگی بوونەوە و سێ خۆپیشاندەریش دەستگیرکران، لەنێویاندا، چالاکوان، مەیسەم عاید.

لە پارێزگای زیقاریش، ژمارەیەک پرد و رێگا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخران و داوای لەکارلادانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکەیان کرد.

ئەمەش لەکاتێکدایە، چالاکوانی خۆپیشاندانەکان پێیانوایە، لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردووەوە تا ئێستا، زیاتر لە 800 خۆپیشاندەر کوژراون، بەڵام ئامارەکەی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەی کوژراوان بە 543 کوژراو ئەژمار دەکات.

ھ.م