ئۆپێك داوای کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنان دەکات

"بەهۆی کۆرۆنا داوا دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر دابەزێت"

K24 - ھەولێر

وەزیری وزەی جەزائیر رایگەیاند، لیژنەی هونەری ئۆپێک پڵەس پێشنیازیان کردووە، رێککەوتنەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ درێژبکرێتەوە، بڕیارە بە هۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەر بازاڕی نەوت ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر دابەزێنن.

وەزیری وزەی جەزائیر کە ئێستا سەرۆکایەتی رێکخراوی ئۆپێک دەکات رایگەیاند، لیژنەی هونەری هاوبەشی ئۆپێک پێشنیازی کردووە، کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنان تا کۆتایی چارەکی دووەمی ئەمساڵ بەردەوام بێت.

هاوکات ئەو وەزیرە دەشڵێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاردانەوەی نەرێنی لەسەر چالاکی ئابووری جیهانی هەبووەم بە تایبەت لەسەر کەرتەکانی گواستنەوە و گەشتیاری و پیشەسازی چین بە تایبەتی، وڵاتانی ئاسیا و جیهان بە گشتی.