عه‌للاوی كاتی ته‌واوبوونی پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات
داوا له په‌رله‌مان ده‌كات متمانه به حكوومه‌ته‌كه‌ی بدات
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌للاوی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق كاتی ته‌واوبوونی پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی ئاشكرا كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌للاوی رایگه‌یاند، "له به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی نزیك ده‌بینه‌وه، كه خۆی له ته‌واوبوونی پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكومه‌تێكی بێلایه‌ن ده‌بینێته‌وه و دوور له ده‌ستوه‌ردانی هیچ لایه‌نێكی سیاسی، له كه‌سانی ده‌ستپاك و كارامه پێكهاتووه".
عه‌للاوی ئاشكراشیكرد، "په‌نا به‌خودا له ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ناوی كاندیدانی وه‌زاره‌ته‌كان دوور له هیچ ده‌نگۆ و دزه‌پێكردنێك پێشنیاز ده‌كه‌ین، به‌و هیوایه‌ی ببنه جێگای متمانه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و په‌سه‌ندیان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی گه‌ل بكه‌ین".
اقتربنا من تحقيق إنجاز تاريخي يتمثل بإكمال كابينة وزارية مستقلة من الأكفاء والنزيهين من دون تدخل أي طرف سياسي، وسنطرح أسماء هذه الكابينة خلال الأسبوع الحالي إن شا‌ء ألله بعيداً عن الشائعات والتسريبات، ونأمل استجابة أعضاء مجلس النواب والتصويت عليها من أجل البدء بتنفيذ مطالب الشعب.
— محمد توفيق علاوي Mohammed Tawfik Allawi (@MohammedAllawi) February 15, 2020
هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه عه‌لی غانمی، په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا به شه‌فه‌ق نیوزی راگه‌یاند، "محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌للاوی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به هێزه سیاسییه‌كانی راگه‌یاندووه، سبه‌ی پێكهاته‌ی كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی ئاماده ده‌بێت".
گوتیشی: "پێشبینی ده‌كرێت دوای راگه‌یاندنی كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران رۆژێكی ئه‌م هه‌فته‌یه بۆ دانیشتنی تایبه‌ت به پێدانی متمانه به عه‌للاوی و حكومه‌ته‌كه‌ی دیاری بكات".
H.B