دوو ھاووڵاتی گەرمیان بە 80 ھەزار دۆلار ئازاد كران
شەش مانگ پێش ئێستا رفێندران
K24 - گەرمیان
دوو ھاووڵاتی دانیشتووی دەڤەری گەرمیان، دوای شەش مانگ رفاندنیان لەلایەن گرووپێكەوە بە 80 ھەزار دۆلار ئازاد كران.
ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "شەوی رابردوو ئەو دوو كەسە گەیشتوونەتەوە ناو كەسوكاریان".
یەكێك لە رفێندراوان بە ناوی وەلید فەرھاد، دوای رزگار بوونی لە دەست ئەو گرووپە بۆ كوردستان24 دەدوێت و دەڵێ: "لەناو كونێكدا زیندانیان كردین و ئاگاداری ھیچ نەبووین، ئەو گرووپە ھیچ قسەشیان لەگەڵ نەدەكردین، تەنھا پێیان دەگوتین نوێژ بكەن".
باوكی وەلید بە كوردستان24ی گوت: "زۆر ھەوڵماندا بۆ ئازاد كردنیان، دوای شەش مانگ بە 80 ھەزار دۆلار ئازاد كران".
دەشڵێت: "دەگوترێت كە ئەو گرووپە داعشن، بەڵام ئێمە نازانین ئەوە راستە یان نا".
ھ.م