عێراق 12 هەزار قەرز بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون تەرخان دەكات
"یەکەم رێوشوێن کە دەیگرنەبەر کارکردنە لەسەر پێشکەشکردن بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی"
K24 - ھەولێر
سندووقی نیشتەجێبوونی سەر بە وەزارەتی ئاوەداکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رێوشوێنەکانی پێدانی قەرزی ئاشکراکرد و رایگەیاند، ئامانجیانە 12 هەزار قەرز بۆ دامەزراندنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی لە چوارچێوەی پلانی ئەمساڵدا دابەش بکەن.
حوسێن عەبد عەلی عەتبی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی سندووقی نیشتەجێبوونی عێراق راگەیاند "یەکەم رێوشوێن کە دەیگرنەبەر کارکردنە لەسەر پێشکەشکردن بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی، کە کارکردن تێیدا گەیشتووەتە 60% و هاووڵاتییان لە رێگەیەوە داواکاری پێویستەکان پێشکەش بە پێگەی ئەلیکترۆنی سندووقەکە دەکەن".
حوسێن عەبد عەلی عەتبی ئاماژەی بەوەداوە، پلانی سندووقەکە بۆ ئەمساڵ 12 هەزار قەرز بۆ دامەزراندنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە خۆدەگرێت، و ئاماژەی بەوەشدا بڕی 575 ملیار دینار تەرخانکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی بە نووسراوێکی فەرمی داوای 690 ملیار دیناری کردووە کە لە پڕۆژەی بودجەی 2020 جێگەی بکرێتەوە.
ھ.م