ناتۆ پلانه نوێیه‌كه‌ی له عێراق ئاشكرا ده‌كات
"چه‌ندین راسپارده و بڕیاری گرنگ بۆ به‌رده‌وامیدان و چالاككردنی كاری ناتۆ له عێراق ده‌ركراون"
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" پێی راگه‌یاندوون، كه چه‌ندین پلانیان بۆ به‌ره‌وپێشبردن و فراوانكردنی كاره‌كانیان له عێراق ئاماده كردووه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌باره‌ی سوپای عێراق هاتووه، عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق چاوی به ژه‌نه‌راڵ جینی گاردینیا، سه‌رۆكی نێرده‌ی ناتۆ له عێراق كه‌وتووه و جه‌ختیان له‌سه‌ر زیادكردنی ئه‌ركی ناتۆ و فراوانكردنی ئۆپه‌راسیۆن و كاره‌كانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه له عێراق كردووه‌ته‌وه.
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، "دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی پێشوو به شێوه‌یه‌كی باش و نایاب به‌ڕێوه‌چوون و چه‌ندین راسپارده و بڕیاری گرنگ بۆ به‌رده‌وامیدان و چالاككردنی كاری ناتۆ له عێراق ده‌ركراون، به‌تایبه‌ت له خوێندنگا ئه‌كادیمییه‌كانی پۆلیسی ئیتیحادی و سه‌ربازگه‌كانی مه‌شقدان".
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی زیادكردنی كورسی خولی سه‌ربازی بیانی و وه‌رگرتنی زۆرترین ژماره‌ی كادیری عێراقی كردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ببن به خاوه‌ن ئه‌زموونی سه‌رده‌میانه‌ی سه‌ربازی و بتوانن له‌گه‌ڵ سوپا پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان هه‌ڵبكه‌ن".
لای خۆشیه‌وه تۆد واڵتێرز، ژه‌نه‌راڵی ئه‌مه‌ریكی و هاوكات فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ناتۆ له ئه‌وروپا، له چه‌ند رۆژی رابردوودا له په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئاسایشی میۆنشن به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، "هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی كار له‌سه‌ر فراوانكردنی ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌ی له عێراق ده‌كات، كه 500 سه‌رباز له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند گرێنتییهكی ئه‌منی له حكوومه‌تی به‌غداوه وه‌رگرتووه".
ژه‌نه‌راڵی ناوبراو گوتی: "ناتۆ نامه‌یه‌كی وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م پرسه له ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق پێگه‌یشتووه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان هه‌وڵ ده‌دات به زووترین كات كاری تیمه سه‌ربازییه‌كه‌ی له عێراق فراوان بكات، به‌ڵام گرێنتی ئاسایشی سه‌ربازه‌كانیان له پێشینه‌ی هه‌موو كارهكانیانهوهیه".
H.B
سه‌رچاوه: وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق