كۆرۆنا بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێل كەمدەكاتەوە
دەیانەوێت بەشداربن لە دابینكردنی دەمامك
K24 - ھەولێر
ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە ھۆكار كە كارگەكانی ئۆتۆمبێل لە چین دەست بە بەرھەمھێنانی دەمامك بكەن.
كۆمپانیاكانی پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە چین بڕیاریاندا كە دەست بە بەرھەمھێنانی دەمامكی تەندروستی بكەن، ھۆكارەكەیشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە وڵاتەكەیان دووچاری كەمی دەمامكی تەندروستی بوون، بەم ھەنگاوەش مەبەستیانە رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە بكەن.
ھەرچەندە چین لە پلەی یەكەمی جیھاندا دێت لە رووی بەرھەمھێنانی دەمامكی تەندروستییەوە و رۆژانە بە تێكڕای 15 ملیۆن دەمامك بەرھەمدەھێنێت، كەچی زۆری خواست لە بازاڕەكان لەسەر دەمامك وایكردووە كە ئەو بەرھەمھێنانە خواستی كڕیار لەم كاتەدا پڕنەكاتەوە، ھەر ئەوەشە وایكردووە كە كارگە گەورەكانی ئۆتۆمبێل ھێڵی بەرھەمھێنانی دەمامك تەرخان بكەن و بەشداربن لە دابینكردنی دەمامك بۆ وڵاتەكەیان.
ھ.م