مەسرور بارزانی و پاپای ڤاتیكان كۆدەبنەوە
سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چەند دیدارێكی گرنگ ئەنجام دەدات
K24 - ھەولێر
ئەمرۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیكان كۆدەبێتەوە و باسی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئایینی و هاندانی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دەكات.
لە درێژەی سەردانەكەی، مەسرور بارزانی، بڕیارە ئەمرۆ لەگەڵ پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان كۆببێتەوە.
بڕیاریشە ھەر ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە جیا لەگەڵ وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا كۆببێتەوە و باس لە مەترسییەكانی سەرھەڵدانەوەی داعش بكەن.
دوێنێ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كاردینال پێترۆ پارۆلین، سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی رەوش و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندیی نێوان ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان كرا.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پوختەیەكی لە بارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و هەوڵەكانی بۆ قووڵكردنەوەی كولتووری یەكترقبووڵكردن و ئاشتەوایی و تەبایی گەلان، پێشكەش كرد. باسی لەوەش كرد، كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام لە ناوچەیەكی ئاڵۆز، بووهتە پەناگەی پاراستن و پەنادانی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی و دەورووبەر، لەنێویشیاندا كریستیینەكان، كە لەبەر رەوشی ئاڵۆز و هەڕەشەی تیرۆریستان، ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و هەموو مافە ئایینی و نەتەوەیی و خزمەتگوزاریی ژیارییان لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەر كراوە.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كرد، كە بە فراوانی كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و گەشەپێدان بە سێكتەرە جیاوازەكان و سەقامگیریی زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا دەكات.
سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و پەرۆشی خۆی بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندیی ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، رۆڵی گەلی كوردستانیشی لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بەرز نرخاند و سڵاو و رێزی تایبەتیشی بۆ سەرۆك مەسعود بارزانی هەبوو. ستایشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد لە بەرامبەر ئەو رۆڵە مرۆییەی لە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و بایەخدان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە و هاوبەشیی پێكردنی هەمووان، سەرەڕای جیاوازیی بیروباوەڕ و ئایینی، پەیڕەوەی دەكات و نموونەیەكی جوانی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی پیشان دەدات.