ئاكار: له ئیدلب پاشه‌كشێ ناكه‌ین
داوایه‌ك له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری به‌رگری توركیا، خلووسی ئاكار، رایگه‌یاند، ئه‌نقه‌ره به نیاز نییه خاڵه‌كانی چاودێری له ئیدلبی باكووری خۆرئاوای سووریا بكێشێته‌وه.
ئاكار وتیشی: ئه‌نقه‌ره وه‌ڵامی توندی هه‌ر هێرشێك ده‌داته‌وه، ئه‌گه‌ر بكرێته سه‌ر بنكه و خاڵه سه‌ربازییه‌كانیان.
ئه‌مڕۆ له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، خلووسی ئاكار وتیشی: توركیا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه رێكاری پێویست بگرێته به‌ر بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری و پاراستنی ئاگربه‌ست، چونكه ئه‌نقه‌ره یه‌كێكه له وڵاتانی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاگر به‌ست و له رێككه‌وتنی "سوچی" نێوان رووسیا و ئێران و توركیا ئه‌و مافه‌ی پێدراوه.
وه‌زیری به‌رگری توركیا داوای له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكاش كرد، پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان بن، له باره‌ی ره‌وشی سووریاوه و هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیان بنێن.