جوتیار عادل: كەسێك بۆ خۆدزینەوە لە دانەوەی قەرزەكانی حكومەت دەیەوێت خۆڵ بكاتە چاوی خەڵك

"وەك حكومەتی ھەرێم پابەندین بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی"

K24 - ھەولێر

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی حکومەتی بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دووپاتکردەوە و رایگەیاند "کەسێک دەیەوێت خۆڵ بکاتە چاوی خەڵک و خۆی دەیان ملیۆن دۆلاری حکومەت قەرزارە و ئامادە نییە قەرزەکە بداتەوە".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە وەك حكومەتی ھەرێم پابەندین بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، یەكێك لە بڕگەكانی وەرگرتنەوەی قەزەكانە لە بازرگانان".

گوتیشی: "كەسێك كە خۆی بە بازرگان دەزانێت و حزبێكی دامەزراندووە، بۆ خۆدزینەوە لە دانەوەی قەرز دەیەوێت خۆڵ بكاتە چاوی خەڵك و رای گشتی بەلارێدا ببات، ئەو كەسە 70 ملیار دینار قەرزدرای خەڵكەوە و حكومەت داوی كردووەتەوە، ھەروەھا ئەو كەسە تۆمەتبارە بە زەوتكردنی موڵك و ماڵی دەوڵەت و دەیەوێت ناوچەیەكی سەوزایی شاری سلێمانی بكات بە ڤیلا و بیفرۆشێتەوە، بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم، لە وەرگرتنەوەی قەرزەكان چاوپۆشی لە كەس ناكرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو كەسە بە پارەی خەڵك دەیەوێت خێر بە خەڵكی دیكە بكات و نەوت و غاز دابەش بكات، ئەگەری خۆی پارەكە بۆ حكومەت بگێڕێتەوە دەتوانین تاڕادەیەكی باش نەوت بۆ ھاووڵاتیان دابین بكەین".

وتەبێژی حكومەتی ھەرێم جەختیكردەوە: "ئێمە پابەندین بەو رێكارانەی پەیوەستە بە پارەی خەڵك".