سێ سه‌رۆكایه‌تییەكەی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەكەن

لە ھەولێر كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باڵای هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و شاندی دانووستانكاری هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا به‌ڕێوه‌دەچێت.

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24 راگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی باڵای لایەنە سیاسییەکانی هه‌رێمی کوردستان و شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکات.

دڵشاد شەھاب گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەبن، تێیدا دوایین پێشهاتەکان و ئەنجامی کۆبوونەوە و دانوستانەکانی شاندی بەغدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت".

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، ئەمڕۆ ھەرێمی كوردستان لەبارەی بەشداریكردن لە كابینەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بڕیار دەدات.

لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوەڕۆكی كارنامەكەی عەللاوی ناكۆكن، كە گرنگی بە ھەرێمی كوردستان و كەركووك نەداوە، ھاوكات كورد و سوننە ناڕازین لە شێوازی دیاركردنی كاندیدەكان بۆ حكومەتی نوێی عێراق.