کاروباری فەرمانگەکانی ھەرێمی كوردستان بە ئەلیکتڕۆنی دەکرێت

پێگەیەكی ئەلیكتڕۆنی وەزارەتەكان بەیەكەوە دەبەستێتەوە

K24 - ھەولێر

لە چوارچێوەی ئەو پلانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیەتی بۆ بە ئەلیکتڕۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکان، وەزارەتی پلاندانان کاروبارەکانی بە ئەلیکتڕۆنی دەکات.

بەڕێوبەری گشتیی پلانی پڕۆژەکان لە وەزارەتی پلاندانان دەڵێت "ئەم پڕۆژەیە رۆتین کەم دەکاتەوە و کاروبارەکان خێراتر دەکات". 

وەزارەتی پلاندانان بە دوو رێگا سیستمی کارکردن لە نێوان وەزارەتەکانی ھەرێم بۆ راییکردنی کاروبارەکانیان بە ئەلیکتڕۆنی دەکات. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ھەوڵەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دێت، بۆ بە ئەلیکتڕۆنیکردنی سیستمی بەڕێوەبردنی کاروباری وەزارەت و فەرمانگەکانی.

زاگرۆز فەتاح، بەڕێوبەری گشتیی پلانی پڕۆژەکان لە وەزارەتی پلاندانان، بە كوردستان24ی راگەیاند: "بە ئەلیکتڕۆنیكردنی كاروبارەكان وا دەكات چیتر پێویست نەكات لە رێگەی پێگەیەك پەیوەندیی لەنێوان وەزارەتەكان ھەبێت و چیتر كار بە نووسراو گۆڕینەوە نەكرێت، لە ھەمان كاتدا ھاووڵاتیان ئاگاداری قۆناغی پڕۆژەكان دەبن، ھاوكات بەڵێندەران دەتوانن لە رێگەی ئەو پێگەیە بەشداریی لە وەرگرتنی تەندەری پڕۆژەكان بكەن و بەشێوەیەكی شەفاف و دوور لە گەندەڵی، پڕۆژە بە بەڵێندەران ده‌درێن".

بەڕێوبەری بەشی یاساییش لە دەستەی وەبەرھێنان رایدەگەیەنێت، ئەم پڕۆژەیە ئاسانکاریی زۆر بۆ پڕۆژەکان دەکات، بەتایبەت بۆ ئەو پڕۆژانەی کە لە رێگەی ئۆنلاینەوە تەندەریان بۆ دەکرێت، به‌جۆریك وەبەرھێنەران دەتوانن بۆ وەرگرتنی پڕۆژەکان، ڕاسته‌وخۆ داواکاری پێشکەش بکەن.

ھ.م