وردەكاری كوژرانی دكتۆرێك لە ھەولێر ئاشكرا دەكرێت

شەڕە چەقۆ لەنێوان دوو دكتۆر روویداوە

K24 - ھەولێر

لەسەر رووداوی كوژرانی دكتۆرێك لە عنكاوە، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی زانیارییەكانی دكتۆر دوای ئەوەی لەنێوان ئەو دوو دكتۆرە شەڕە چەقۆ روویداوە، یەكێك لە دكتۆرەكان بە چەقۆ ئەوەی دیكە بریندار دەكات، دواتریش خۆی دەكوژێت.

ھۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ ئاگادار كراینەوە لە رووداوێكی كوشتن لە سنووری شارۆچكەی عنكاوە، كاتێك ھێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە لە لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە دكتۆرێك بە چەقۆ دكتۆرێكی بریندار كردووە، دواتر بە ھەمان چەقۆ خۆی كوشتووە".

روونیكردەوە: "بەھۆی بوونی مامەڵە لەنێوانیاندا كێشە كەوتووەتە نێوان ئەو دوو دكتۆرە. یەكێك لە دكتۆرەكان بەناوی جۆزێف چەقۆی له‌ دكتۆرێكی دیكە داوە بەناوی ئازاد، دواتر بە ھەمان چەقۆ خۆی كوشتووە".

وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: "ئێستا بریندارەكە لە ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدایە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە".