بۆچی کۆرۆنا لە ئێران زۆر مەترسیدارە؟
چەند داتایەک مەترسییەکانی سەر ئێران ئاشکرا دەکەن
K24 – ههولێر:
رێژەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران 16%ـەیە، بەمەش ئەو وڵاتە زۆرترین رێژەی مردنی بەرامبەر بە ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون تۆمار کردووە.
لە چین کە سەنتەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە، رێژەی مردن 2%ـە. هەروەها لە کۆریای باشوور رێژەی مردن بە نزیکەیی 1%ـە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی سایتی ABC، ئێران رەنگە ببێتە سەرچاوەی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەموو ئەو تووشبوانەی لە عێراق، کوەیت، عومان، ئەفغانستان و چەند وڵاتێکی دیکە تۆمارکراون، لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە.
سەرۆکی زانکۆی پزیشکی قوم، محەمە رەزا دەڵێت، حکومەت قەدەغەی کردووە، داتا و زانیاری لەبارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبکەنەوە و رەتیشیکردووەتەوە هیچ داتایەک ئاشکرا بکات.
یانژۆنگ هوانگ، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی پزیشکیی جیهانی رایگەیاندووە، کێشە لە ژمارە و داتاکانی ئێران هەیە، بەتایبەت لە راگەیاندنی ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون.
هەروەها، ویلیام سکافینەر، پرۆفیسۆر لە سەنتەری پزیشکی زانکۆی ڤاندێربیلت دەڵێت، ئەوە روون نییە کە ئێران ئەو توانایەی هەبێت ئەو کەسانە دەستنیشان بکات کە تووشبووی ڤایرۆسەکەن. ئێران پشت بەوە دەبەستێت، کاتێک کەسێک دەچێتە نەخۆشخانە و نیشانەکانی هەیە، نەوەکو ئەوەی تیمە تەندروستییەکان بچنە شوێنە گومان لێکراوەکان.
دەشڵێت: "دەبێت بە تووڕەیەوە بچیتە هەندێک گەڕەک و شوێن لە دەرگا بدەیت و حاڵەتەکان بدۆزیتەوە، من بڕوام ناکەم ئەوان ئەو توانایەیان هەبێت".
NBC لە راپۆرتەکەی نووسیویەتی، هیچ بەڵگەیەک نییە ئەوە بەسەلمێنێت کە جینی ڤایرۆسەکە گۆڕابێت، بۆیە زۆری رێژەی مردن لە ئێران بە مانای ئەوە نایەت ڤایرۆسەکە لەوێ مەترسیدارتر بێت، بەڵکو بە مانای ئەوە دێت رێکاری پێویست نەگیراوەتەبەر.
پێشتریش مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، ئێران ئامارەکان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەشارێتەوە.
تاوەکو ئێستا، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، نزیکەی 100 کەس تووشبووی نەخۆشییەکەن و 16 کەسیش بە نەخۆشییەکە مردوون، ئەمەش رێژەیەکی زۆر بەرزە و مەترسی بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە.