بەغدا ئەنجامی پشکنینەکانی هاووڵاتییەکەی سلێمانی راگەیاند

ئەنجامی پشکنینەکان راگەیەندرا

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، ئەنجامی پشکنینەکانی ئەو هاووڵاتییەی لە سلێمانی بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا لە بەغدا راگەیەندراوە و هەمان ئەنجامی پشکنینەکانی هەرێمی کوردستانی هەبووە.

دەشڵێت، هاوشێوەی پشکنینەکانی هەرێمی کوردستان، بەغدا پشتڕاستیکردەوە کە ئەو هاووڵاتییە هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌.

پێشتر له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان، د. محه‌مه‌د قادر رایگه‌یاندبوو، ئه‌و هاووڵاتییه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌، به‌ڵام هۆكاری مردنی هێشتا نه‌زانراوه‌ و ده‌بێت پزیشكی دادوه‌ری هۆكاری مردنی ئاشكرا بكات.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، هاووڵاتییەک لە شاری سلێمانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە و دواتر تووشبوونی دوو کوڕی دیکەی ئەو هاووڵاتییەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.