ئەنجامی پشكنینی ئەندامانی خێزانی ئەو كەسەی لە ھەولێر تووشی كۆرۆنا بووە ئاشكرا كرا
"باری تەندروستی تووشبووەكە جێگیرە"
K24 - ھەولێر
پارێزگاری ھەولێر ئاشكرای كرد، پشكنین بۆ ئەندامانی خێزانی ئەو كەسە كراوە كە لە ھەولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، دەركەوتووە كە ھیچ كام لە ئەندامانی ئەو خێزانە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نین.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند: "تائێستا تەنھا یەك حاڵەتی تووشبوو بە كۆرۆنا لە سنووری ھەولێر تۆمار كراوە و باری تەندروستی جێگیرە، ھەموو رێوشوێنێك بۆ چارەسەر دەگرینەبەر".
گوتیشی: "پشكنین بۆ ھەموو ئەندامانی خێزانی تووشبووەكە كراوە و خۆشبەختانە، ئەنجامەكان نێگەتیڤ بوو، واتا ھیچ كامیان ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نین".
ئەوەشی خستەروو: "لە كاتەكانی داھاتوودا تەندروستی زانیاری ورد لەبارەی تووشبوونی ئەو كەسە بە كۆرۆنا دەخاتەڕوو".
پارێزگاری ھەولێر، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمڕۆ ھەڵمەتی رشاندنی بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی ھەولێر دەستیپێكردووە و داوا لە مۆڵە گەورەكان و شوێنەكانی دیكەش دەكەین ئەو ھەڵمەتە دەست پێبكەن، ھەر كەسێك پابەندی رێنماییەكان نەبێت سزا دەدرێت".
گوتیشی: "سبەی كۆبوونەوەیەكی دیكەمان لەبارەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ھەیە و چەند بڕیارێكی دیكە دەدرێن".