مەسرور بارزانی: ئافرەتان رۆڵی کاریگەریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هەشتی مارس پەیامێك بڵاودەكاتەوە
K24 - ھەولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی 8ی مارس رۆژی جیھانی ئافرەتان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت" ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە".
لە پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: "لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا پیرۆزبایی لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم. یادکردنەوەی هەشتی مارس رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا. ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە. بۆیە ئێمە تیکۆشانی ئافرەتانی کوردستان، بەتایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە شۆڕشەکانی کوردستان و رۆڵی بەرچاویان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بەتایبەتی و رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی یەکسانیی کارکردن و بەشدارییان لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات دەکەینەوە".
لە بەشێكی دیكەی پەیامی سەرۆكی حكومەت بەبۆنەی 8ی مارس ھاتووە: "داوا لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسوکاریان بدەن بۆ پاراستنی پاک و خاوێنی و ژینگە کە ئەرکێکی نیشتمانیی و بەرپرسیارێتی هەموومانە".
دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی رۆژی جیھانی ئافرەتان:.
لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا پیرۆزبایی لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم. یادکردنەوەی هەشتی مارس رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا .
ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە. بۆیە ئێمە تیکۆشانی ئافرەتانی کوردستان، بەتایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە شۆڕشەکانی کوردستان و رۆڵی بەرچاویان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بەتایبەتی و رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی یەکسانیی کارکردن وبەشدارییان لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات دەکەینەوە.
داوا لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسوکاریان بدەن بۆ پاراستنی پاک وخاوێنی و ژینگە کە ئەرکێکی نیشتمانیی و بەرپرسیارێتی هەموومانە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/8