تەواوی زێڕی زێڕینگرێكی سۆران دزرا

لە رێگەی تونێلەوە چوونەتە ناو دوكانەكەوە

K24 - سۆران

شەوی رابردوو چەند كەسێك دوكانێكی زێڕینگرێكیان لە بازاڕی قەزای سۆران بڕیووە و تەواوی زێڕەكەشیان بردووە. بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كەسانەی زێڕەكەیان دزیوە لە ژێر دوكانەكە تونێلیان لێداوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو چەند كەسێك زێڕینگری دەرگەڵە-یان لە بازاڕی سۆران بڕیووە و تەواوی ئەو زێڕەی لە دوكانەكەدا ھەبوو بردویانە".

گوتیشی: "ئەو كەسانە لە رێگەی تونێلەوە چوونەتە ناو دوكانەكە، بۆیە نە پاسەوانی بازاڕ ئاگادار بووە، نە لە كامێرای چاودێریش دەرچووە".

شەماڵ دێواری، وتەبێژی پۆلیسی سۆران ھەواڵەكەی بۆ كوردستان24 پشتڕاست كردەوە و گوتی: "ئێستا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەكانین لەسەر رووداوەكە، لە چەند كاتژمێری داھاتوودا زانیاری لەبارەی رووداوەكە دەخەینەڕوو".

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، 40 كیلۆ زێڕ و زیاتر لە 300 ھەزار دۆلار لەو زێڕینگرە درزاوە.

ئەو زێڕینگرەی شەوی رابردوو بڕدراوە
ئەو زێڕینگرەی شەوی رابردوو بڕدراوە