سەنتەر و نۆڕینگەكانی جوانكاری لە ھەرێمی كوردستان دادەخرێن

سەندیكای پزیشكان بڕیاریدا

K24 - ھەولێر     

لەچوارچێوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەندیكای پزیشكانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە سەرجەم سەنتەر و نۆڕینگەكانی جوانكاری دادەخرێن.

لە نووسراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە و واژۆی د. باساك بەرزنجی سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی كوردستانی بەسەرەوەیە تێیدا ھاتووە: "سەرجەم سەنتەری جوانكاری و نۆڕینگەكانی نەشتەرگەری جوانكاری، سەنتەری شیاندنەوەی پزیشكی دابخرێن تاكو 1/4/2020. ھەروەھا نۆڕینگەكانی پزیشكی پێست تەنھا حاڵەتەكانی نەخۆشی پێست ببینن و چارەسەر بكەن، ھیچ جۆرە كارێكی جوانكاری ئەنجام نەدەن".

لە خاڵێكی دیكەی ئەو نووسراوەدا ئاماژە بەوەكراوە: "سەنتەرەكانی منداڵی بلووری تەنھا بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو نەخۆشانەی پێشتریان، بە ھیچ جۆرێك نەخۆشی نوێ وەرنەگرن و رێكاری چارەسەری نەگیرێتەبەر".

ئاماژە بەوەشكراوە: "پزیشكانی لقەكانی دیكە سەردانیكردن و مەوعیدی ھەر نەخۆشێك بە تەواوی رێكبخەن، لە ھەشت نەخۆش زیاتر نەبینن لە كاتی دەوامی نۆڕینگەكانیان دا، تاوەكو كەمتر تێكەڵ بوون و بەریەككەوتن لە نێوان نەخۆشەكاندا ھەبێت".

سەندیكای پزیشكان راشیگەیاندووە: "نۆڕینگەی پزیشكی خێزانی و نۆڕینگەی پزیشكی شارەزای گشتی دابخرێن".