بەڕێوەبەرێكی گشتی پێشوو لە ھەولێر سزا درا
"بڕیاری داخستنی كە لەلایەن دادگای تاوانەكانی ھەولێر/1 دەرچوو بوو"
K24 - ھەولێر
دەستەی دەستپاكی رایدەگەیەنێت، دوای بەدواداچوون دۆسیەیەك ھەڵدەوەشێنرێتەوە و بەڕێوەبەرێكی پێشوو لە ھەولێر بە یەك ساڵ راگرتن سزا دەدرێت.
لە راگەیەندراوێكی دەستەی دەستپاكی كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 ھاتووە: "لە بەرواری 6/3/2018 دادگای تاوانەكانی ھەولێر/1 بڕیاری دا بە داخستنی داوای سزایی ژمارە 543/ج/2017 و تایبەت بە تۆمەتباران لە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 4ی ساڵی 2017، دوای تانە لێدانی دەستە لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی كوردستان/ دەستەی سزایی 1 بڕیاریدا بە گێڕانەوەی ئەو دۆسیە بۆ لێكۆڵینەوە و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری داخستنی كە لەلایەن دادگای تاوانەكانی ھەولێر/1 دەرچوو بوو".
دەستەی دەستپاكی ئاشكرای كردووە: "لە درێژەی یەكلاكردنەوەی ئەو كەیسانە كە لەلایەن فەرمانگەكەمان كاری لەسەر كراوە، دادگای كەتنی ھەولێر بڕیاریدا بە بەندكردنی بەڕێوەبەرێكی گشتی پێشوو لە ھەولێر بە یەك ساڵ راگرتنی".
