دەستەی گشتی گەشتوگوزار 98 بنكە سزا دەدات
پابەندی رێنماییەكان نەبوون
K24 - ھەولێر
دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، پشکنینیان بۆ ھەزار و 130 شوێن کردووە و 98 بنکە بەهۆی پابەند نەبوونیان سزا دراون.
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاردراوە چالاکییەکان رابگیرین و گەشتە ئاساییەکان بوەستێنرێن و نێرگلەخانەکان دابخرێن و رێنماییەکانی خۆپاراستن جێبەجێ بکرێن، بۆ بەدواداچون و دڵنیابوون لە بنکەکانی گەشتوگوزار چەند لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ( هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان) پێکهنران، لە ماوەی رابردوو توانرا پشکنین و بەدوواداچوون بۆ ھەزار و 130 بنکەی گەشتوگوزار بکرێت، لە ئەنجامی پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکان 98 شوێن سزا دران".
ئاماژە بەوەشكراوە: "نوێنەرانی گەشتوگوزار لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەکان بەشداری لە لیژنە گشتییە کارگێرییەکان دەکەن و هاوکار و هەماهەنگن بۆ جێبەجێکردنێ بڕیارو رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لیژنەکان بۆ رۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبن و شوێنە پێویستەکان بەسەردەکەنەوە".