به‌هۆی كۆرۆنا 6 زیندانی له گرتووخانەیەکی ئیتاڵیا کوژران

زیندانییه‌كان هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ی ته‌ندروستیی گرتوخانه‌كه‌

K24- هه‌ولێر:

له خۆپێشاندانێکی زیندانییەکان له ئیتالیا دژی رێوشوێنی حکومەت سەبارەت به خۆپارێزی له ڤایرۆسی کۆرۆنا، 6 زیندانی کوژران.

به گوتەی پۆلیسی زیندانی شاری "مۆدێنا"، زیندانییه‌كان هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر بنکەی تەندروستیی گرتووخانەکه و دوای شكاندنی ده‌رگاكانی و بەکارهێنانی بڕێكی زۆر له‌ ماده‌ی ئازارشکێنی میثادۆن و له‌گه‌ڵ پۆلیس رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ 6 زیندانی کوژراون.

دوێنێ سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا کۆمەڵه بڕیارێکی نوێ و توندی بۆ خۆپارێزی له ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرد. یەکێك لەو بڕیارانه هەڵوەشاندنەوەی سەردانی کەسوکاری زیندانییەکان بۆ لای ئەوان بوو.

ئیتاڵیا له تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوای چین و کۆریای باشوور له پلەی سییەم دایه.

سه‌رچاوه‌: ئه‌سۆشێیتید پرێس