دابەزینی نرخی نەوت زیان بە عێراق دەگەیەنێت
وەزیری دارایی: حکوومەت بە گرنگی دەزانێت کە دەستکاری مووچەی فەرمانبەران نەکات
K24 - ھەولێر
دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر داهاتووی عێراق دەبێت، بەوپێیەی عێراق لە داهاتی ناوخۆیدا بە رێژەی زیاتر لە 95% پشت بە فرۆشتنتی نەوت دەبەستێت، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی کار بەڕێکەری عێراقیش دەڵێت، قەبارەی زیانەکانی وڵات تەنیا بەهۆی جیاوازی نرخی نەوتەوە، لەنێوان 50 بۆ 75 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا.
فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی عێراق رایگەیاند، حکوومەت بە گرنگی دەزانێت کە دەستکاری مووچەی فەرمانبەران نەکات. بەڵام شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت حکوومەت دووچاری کورتهێنانی گەورە دەبێت و نەتوانێت شایستەی فەرمانبەران بدات.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق پێیوایە، ئەو قەیرانە عێراق ناچار دەکات کە قەرزی دەرەکی وەربگرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەکە بە ژمارەی ئێجگار گەورە دەخەمڵێندرێت، لە کاتێکدا لە پڕۆژە بودجەدا کاتێک نرخی نەوت بە 56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خەمڵێندرابوو، ئەوا پێشبینی دەکرا کورتهێنان بگاتە 50 ملیار دۆلاری ئەمەریکی، هەروەها بەشێکی دیکەی زیانەکان دەگەڕێتەوە، بۆ دامەزراندنی نزیکەی نیو ملیۆن فەرمانبەر لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ ساڵی نوێ بەوەش کۆی گشتی بۆ چوار ملیۆن فەرمانبەر بەرزدەبێتەوە.
بە بەرزکردنەوەی 500 هەزار فەرمانبەری نوێ، بڕگەی مووچە لە بودجەی بەکاربەر لە نێوان 11 بۆ 13 ترلیۆن دینار دەبێت.
ساڵح دەڵێت، حکوومەتی عیراق مانگانە نزیکەی چوار ملیار دۆلار وەک مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت خەرجدەکات، بەڵام حکوومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی ئەوەی نییە، کە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی وڵاتیان گرتووە بگرێتە ئەستۆ.
لە لایەکی دیکەوە عەدنان زەرفی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیران قەیرانەکان قووڵتر دەکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختدەکاتەوە، کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی نەیتوانیوە گرنگی بە وەبەرهێنان لە پڕۆژە بودجەی 2020 بدات، بەڵکو بۆ رەواندنەوە ناڕەزاییەکانی شەقام بە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ بارگرانییەکانی سەر بودجەی زیاتر کردووە.
هاوکات دەشڵێت، کورتهێنانی بودجەی عێراق بەهۆی زیادەی خەرجییەکانی حکوومەت دەگاتە 56 ترلیۆن دینار، کە ئەو دابەزینی نرخی نەوتە کورتهێنانەکان زیاتر دەکات.