بەرپرسێکی چینی: دەیان هەزار کەس به داوده‌رمانی كۆنی چینی له کۆرۆنا چاکبوونەتەوه

پزیشكی میللی چین رۆڵی بینیوه‌

K24 – هه‌ولێر:

"یو یان هۆنگ" جێگیری سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکی کۆنباوی چینی رایگه‌یاند، زیاتر له‌ 50 هەزار تووشبووی کۆرۆنا بەهۆی داودەرمانی پزیشكی كۆنی چین چاک بوونەتەوه.

یو یان هۆنگ له کۆنفرانسێكی میدیاییدا رایگەیاند، لێکدانی پزیشکی کۆنباوی چینی و رۆژئاوایی بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا، به چاک بوونەوەی تووشبووان پشتڕاست کراوەتەوه.

هۆنگ ئاشکرای کرد، پزیشکی کۆنی چینی رۆڵی له چاكبوونەوەی 74603 تووشبوو هەبووه و ئەوەش دەکاته سەدا 92.5 هەموو چارەسەرکراوانی چین. 

بەراوردکردنی نێوان ئەوانەی به پزیشکی کۆنی چینی و پزیشکی رۆژئاوایی چاکبوونەتەوه، پسپۆڕانی گەیاندووه‌تە ئەو ئەنجامەی که چارەسەری تەواوکەر بەم دوو شێوازه پزیشکییه، لەوانەیه دەرکەوتەکانی نەخۆشییەکه وەک تا و بێتاقەتی و ئاوهاتنی لووت، خێراتر چاک بکاتەوه. هەروەها به شێوەیەکی کارا رێگه له توندتر بوونی هەندێک دەرکەوتەی لاواز دەگرێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی چاکبوونەوە و کەمبوونی رێژەی مردن هەیه.

یو یان هۆنگ روونیشیدەکاتەوه، پزیشکی کۆنباوی چینی جەخت لەسەر باشترکردنی بەرگریی سروشتیی لەش دژی نەخۆشی دەکات، بۆ ئەوەی خۆی خۆی چارەسەر بکات، له هەمانکاتدا هاوسەنگیی گشتیی لەشیش دەپارێزێت.

سه‌رچاوه‌: RT

و: خ.ع