وەزارەتی تەندروستی: ھیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە كۆیە تۆمار نەكراوە

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستییەوە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی رەتیدەكاتەوە ھیچ حاڵەتێكی تووشبوو بە كۆرۆنا لە كۆیە تۆمار كرابێت، بەڵكو ھەر ئەو كەسەیە كە دوێنێ لە ھەولێر تۆمار كراوە و وەزارەتی تەندروستی بە فەرمی بڵاویكردووەتەوە.

د. محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە كوردستان24ی راگەیاند، ھیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە كۆیە تۆمار نەكراوە، ئەو حاڵەتە ھەمان ئەو كەسەیە رۆژی دووشەممە لە ھەولێر تۆمار كراوە.

گوتیشی: "ئەو كەسە كاتێك لە ئێران گەڕاوەتەوە رۆژێك لە كۆیە ماوەتەوە و دواتر ھاتووەتەوە ھەولێر".

لە بەیاننامەی ژمارە 12 رۆژی دووشەممە وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا پشکنین بۆ (49) گۆمانلێکراو ئەنجامدرا لە نێویاندا (1) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 یە، کە گەنجێكی تەمەن (25) ساڵییە، قوتابیە و لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە و پێشتر لە شاری سلێمانی کەرەنتین کرابوو.