ئه‌ڵمانیا 100 منداڵی پەنابەر وەردەگرێت

له کەمپەکانی پەنابەران له یۆنان وەربگرن

K24– هه‌ولێر:

بەرپرسانی شاری "بەرلین"ی ئه‌ڵمانیا ئەمڕۆ رایانگەیاند، بەنیازن 80 بۆ 100 منداڵی پەنابەر له کەمپەکانی پەنابەران له یۆنان وەربگرن.

یەکێتیی ئەوروپا لە چەند هەفتەی رابردوودا بەردەوام لەسەر ئەو پەنابەرانەی لەنێوان سنوورەکانی تورکیا و یۆنان سەرگەردانن، له گفتوگۆدان.

دوێنێ دووشەممه(9ی ئاداری 2020) پارته هاوپەیمانەکانی دەسەڵاتدار به سەرۆکایەتیی "ئەنگێلا مێرکڵ" رایانگەیاندبوو، به هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا سەدان منداڵی پەنابەری کەمپەکان وەردەگرن، ئەمەش ئەو منداڵانه لەخۆ دەگرێت، که نەخۆشن یان تەمەنیان له خوارووی 14 ساڵ و بێ‌سەرپەرشت بێت.

دوای پێکدادانی نێوان تورکیا و سووریا له ئیدلب و کوژرانی دەیان سەربازی تورکیا، حکومەتی ئه‌نقه‌ره‌ بڕیاری دا دەروازەکانی خۆی بەرەو ئەوروپا بەڕووی پەنابەراندا بکاتەوه. ئەمەش سەدان هەزار پەنابەری رەوانەی سنوورەکانی یۆنان کرد، بەڵام دوای رێگریی پۆلیسی یۆنان، پەنابەران لەسەر سنوورەکان سەرگەردان بوون.

سەبارەت به کاتی وەرگرتنی منداڵه پەنابەرەکان، "ئەندریاس گایزل" ئەندامی سێناتی بەرلین گوتی: "ئەمە دەگەڕێتەوه سەر خێرایی بڕیاری حکومەتی ئەڵمانیا و لەوانەیه ئەمڕۆ یان سبەی بێت."

سه‌رچاوه‌: Euronews