ھەڤاڵ ئەبوبەكر داوای روونكردنەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات
ئەنجومەنی پارێزگا بانگێشتی كۆبوونەوەی كردبوو
K24 – سلێمانی
لە نووسراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، ھەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی داوا لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات، لەبارەی بانگێشت كردنیان بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەن روونكردنەوە بدەن.
لە نووسراوەكەدا ھاتووە: "پێش میوانداری كردن بە نووسراوی فەرمی بە واژۆی سەرۆكی ئەنجومەن پرسیار و داواكاری و ھەر روونكردنەوەیەك داوا دەكرێت لەلایەنی جێبەجێكار بە پارێزگاشەوە، ئەگەر وەڵامەكان لەلای ئەنجومەن روون نەبوون پێش ھەفتەیەك پێویستە ھەماھەنگی لەنێوان سەرۆكایەتی ئەنجومەن و سەرۆكی ئەنجومەن و نووسینگەكەی لەگەڵ لایەنی جێبەجێكار بە پارێزگاری سلێمانی و نووسینگەكەشییەوە، كات و شوێن دیاری بكرێت بۆ میوانداریكردن".
پێشتر لە نووسراوێكدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لە پارێزگاری سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و بەڕێوەبەرانی تەندروستی ھەردوو پارێزگا كردبوو كە ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەن بن، بۆ تاوتوێكردنی رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

