دابەزینی نرخی نەوت چەند كۆمپانیایەك مایەپووچ دەكات

دابەزینی نرخی نەوت گورزی کوشندە بە بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا دەگەیەنێت

K24 - ھەولێر

کۆمپانیاکانی نەوتی لیتەیی ئەمەریکا بە دابەزینی نرخی نەوت مایەپووچ دەبن. ئەمە لەكاتێكدایە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی لیتەیی بە نزیکەی 35 دۆلارە.

لێکەوتەکانی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شکستی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بەردەوامە.

تاوەکو ئێستا بازاڕی نەوت لە ژێر هەندێک گورزی دیکەدایە وەک مەترسییەکان لە کەمبوونەوەی زیاتری خواست و فراوانتربوونی داکەوتنی ئابووری جیهان.

شارەزایان و شرۆڤەکارانی نەوت دەڵێن، دابەزینی نرخی نەوت بەو شێوە فراوانە زیاتر لەنیوەی کۆمپانیاکانی بەرهەمەهێنانی نەوتی لیتەیی ئەمریکا مایەپووچ دەکات، هۆکارەکەی بەردەوامی سەختییەکانە کە بەهۆی ژینگەی بازاڕ و گرانبوونی خەرجی بەرهەمهێنان بەرۆکی کۆمپانیاکانی گرتووە، بە جۆرێک خەرجی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 35 دۆلار، ئەوەش بەو واتایە دەێت ئەو کۆمپانیایانە بۆ چەند مانگێکی کەم نەبێت ناتوانن لە کارەکانیان بەردەوامبن.

شارەزایان پێیانوایە مەترسییەکانی داکەوتنی نرخ زیان بە سەرجەم ئەو ناوەندانە دەگەیەنێت کە خواستیان بۆ ئەو کاڵایە هەیە، لەنێویشیدا ناوچەی یۆرۆیە کە ئابوورییەکەی لە داکەوتنە، ئەوەش لەلایەن برۆنۆ لۆمیێر وەزیری دارایی فەرەنسا جەختی لێکراوەتەوە و داوای لە وڵاتان کردووە، خۆیان بۆ زیانی دیکە ئامادە بکەن و پێشبینی دەکەن ژمارەی سەکۆ نەوتییەکان لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە ئەمریکا کەم بکات.

سیڤین شیمیل بەڕێوەبەری کۆمپانیا ڤی جی ئیندەستەری ئەڵمانی دەڵێت، داڕمانی نرخی نەوتی خاو شۆکێکی سەخت بوو بۆ سەرجەم پیشەسازییەکان بە تایبەت لەگەڵ زیاتر کەمبوونەوەی خواست بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. ئەو شارەزایە پێشبینی دەکات نزیکەی لەسەدا پەنجای کۆمپانایاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی لە ئەمریکا مایەپووچ بن.

لە لایەکی دیکەوە، رۆبن نۆبڵ بەڕێوبەری کۆمپانیای ئۆکسێرا بۆ راوێژکاری دەڵێت، دابەزینی نرخی نەوت بەو شێوەیە، وادەکات گەورە وڵاتانی ئابووری وەک ئەمریکا و چین رێوشوێنی دیکەی پاڵپشتی بگرنەبەر بۆ ئەوەی لێکەوتەی زیانەکان کەم بکەنەوە.

هاوکات ئاماژە بەوەشدەدات، ئیدارەی ئەمەریکا بەو ئاراستەیە کاردەکات بۆ ئەوەی قەبارەی قەیرانەکە کەمبکاتەوە، ئەو چەندین رێوشوێنی دیکەشی وەک دابەزاندنی رێژەی سوود و کەمکردنەوەی باجی سەر کارمەند گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی لێکەوتەکانی کەم بێتەوە، بەڵام ئەو قەیرانە لە ئیتاڵیا زیاتر هەستی پێدەکرێت، کە یەکێکە لە ئابوورییە سەرەکییەکانی جیهان و بە دەست تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیرۆدە بووە.