باوكێك و دوو كوڕ له حهڕهمی دادگا كوژران و بكوژانیش خۆیان رادهستی یاسا ناكهن
بكوژان و چەند چەكدارێكی دیكە چوونەتە شاخ.. وردهكاریی كێشهكان له سهرهتاوه دهخرێتهڕوو
K24 - هەولێر:
کاتژمێر 12 و 45 خولەکی، رۆژی 4/3/2020 لە پێش دەرگای دادگای حاجیاوا، تەقە لە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی ئاسایش دەکرێت، له ئاكامیشدا 3 كهس كوژران و كهسێكیش بریندار بوو.
له رووداوی تهقهكردنهكه لوقمان عەبدولڕەزاق تەمەن 40 ساڵ، پلەی رائید لەکۆشکی کۆماری لە بەغدا و شەماڵ عەبدولڕەزاق تەمەن 33 ساڵ، پیشەی پۆلیس، له شوێنهكه كوژران، دواتریش عهبدولڕهزاق عومهری باوكیان له نهخۆشخانه به هۆی سهختی برینهكهی گیانی لهدهستدا.
ئەوان دانیشتووی ناحیەی بێتواتەی سەر بە قەزای رانیە بوون، "لە ناو حەرەمی دادگا" تەقەیان لێکراوه.
تهقهكردن له حهرهمی دادگا
دوای رووداوەکە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ئاماژەی بە رووداوەکە کرد و رایگەیاند "دوای ئەوەی لەلایەن دادوەری دادگای حاجیاوا، تۆمەتباران لە کەیسی کوشتنی کەسێک، پێشتر دەستگیرکرابوون رهوانهكرابوون بۆ دادگا، لە ناو حەرەمی دادگا هێشتا بەندکراوان لە ناو ئۆتۆمبێلی ئاسایش بوون، تەقەیان لێدەکرێت، لە ئەنجامدا چوار لە تۆمەتبار بەر فیشەکی تاوانکاران کەوتن، دوو کەسیان کوژران، دووانیش بریندار بوون"، دواتر یهكێك له بریندارهكان له نهخۆشخانهی گیانی له دهستدا.
هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە و لە دادگایە".
کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە کرد بۆ ئەوەی هۆکاری شەڕەکەی بەردەم دادگای حاجیاوا بزانێت، عوسمان ئەحمەد خزمێکی نزیکی كوژراوانه، باسی هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتيیەکەی کرد و گوتی: "چوار ساڵ لەمەوبەر كهسێكی بنهماڵهی (س) تەقە لە ماڵی عەبدولڕەزاق عومهر دەکەن و كچێكی بریندار دەکەن، هۆکاری تەقەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بنهماڵهی (س) دەیانگوت ئێمە گەورەی ئەو ناوچەیەین، دواتریش سوڵحیان کرد، بەڵام کێشەکە هەر بەردهوام بوو".
كێشهكه كۆتایی نههاتبوو
وەک عوسمان گوتی: "کێشەكه ههر مابوو، مانگێک پێش ئێستا کوڕێکی (س) بە ناوی فەرمان بە ئۆتۆمبێل، خۆی بە کوڕێکی عەبدولڕەزاق دەکێشێت و کوڕەکە جێدەهێڵێت، کاتێک مامەکانی کوڕەکە دەبینن فەرمان کوڕەکەیانی جێهێشتووه، بە دوای دەکەون لێیدەدەن".
دوای ئەو رووداوە، کەسوکاری هەردوولا لەسەر ئەوە رێکدەکەون لە ماڵێک دانيشن و کۆببنەوە، بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەن.
لەو کاتەی عەبدولڕەزاق و كوڕهكانی لەڕێگا دەبن تا بچنە ئەو شوێنەی بۆیان دیاریکراوە کێشەکەى لێ چارەسەر بکەن، تووشی "فەرمان" دەبن، یەکێکیان رێگا بۆ ئەوەیتر چۆڵ ناکات، لەو کاتەدا فەرمان دەیەوێت، دەمانچەکەی دەربهێنێت، بەڵام کوڕێکی عەبدولڕەزاق تەقەی لێدەکات و دەیکوژێت، دواتر لەسەر كوشتنی فەرمان 7 کەس لە بنهماڵهی عەبدولرەزاق خۆیان رادەستی پۆلیس كرد.
عوسمان ئاماژەی بەوەشدا، دوای رووداوەکە بنهماڵهی عەبدولڕەزاق هەوڵياندا کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام بنهماڵهی (س) قبوڵیان نەکرد، تا لە پێش دادگا تەقەیان لێكردن، له ئاكامیشدا عهبدولڕهزاق و دوو كوڕی كوژران و كوڕێكیشی برینداره.
عوسمان گوتیشی: "هۆکاری ئەو هەموو کێشەیە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کە بنهماڵهی (س) هێرشیانکردە سەر ماڵی عەبدولڕەزاق و کچێکی ئەویان بریندار کرد".
گردبوونهوهی بهردهم قائیمقامیهت
وەک عوسمان ئاماژەی پێدا، دوای ئەوەی عەبدولڕەزاق کۆچی دوایی کرد کەسوکار و خزمەکانی لە بەردەم قایمقامیەتی راپەڕین گردبوونەوە، بۆ ئەوەی داوای مافی خۆیان بکەن، چونکە دوای رووداوەکەش هێشتا چەند کەسێکی ئەوان "بهبێ تاوان" لە زیندانن، داوایانکرد بە زووترین کات پۆلیس و حکوومەت تاوانباران دەستگیر بکەن، ئەگەرنا تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە.
عوسمان گوتیشی: "سێ کەس لە خێزانێک كوژران کە هیچ پەیوەندیان بە کێشەکە نەبووە، تەنیا کوڕێکیان تاوانەکەی کردووە، ئێمە داوادەکەين حکوومەت بە زووترین کات تاوانباران دەستگیر بکات".
بە گوێرەی زانیارییەكانیش، ئەوانەی تەقەیان كردووە، له بنهماڵهی سەمەد بێتواتەیین، كە فهرماندهی لیوایهكی سەربازییه لە ناوچەكە.
کوردستان 24 پەیوەندی بە بنەماڵەی سەمەد بێتواتەیی کرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.
کەسێکی نزیك له ههردوو بنهماڵه، كه نهیویست ناسنامهكهی ئاشكرا بكرێت گوتی: "نازانم چۆن بنهماڵهی سەمەد بێتواتەیی و كهسوكارهكهی هەواڵی ئەوەیان پێگەیشتووە کە عەبدولڕەزاق و كوڕهكانی دەچنە دادگا، كه دواجار لەوێ تەقەیان لێكردن، له ئاكامیشدا عەبدولڕەزاق و دوو كوڕی كوژران و كوڕێكیشی برینداربوو".
پۆلیس: كهیسهكه ههستیاره
رائید شۆرش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین سەبارەت بەو رووداوە بە كوردستان 24ى راگەیاند "بە هۆی هەستیاری کەيسەکە، تا ئێستا ئێمە لێدوانمان لەسەرى نەداوە، راستە ئێستا کەیسەكە لای ئێمەیە، بەڵام ناتوانین هیچ قسەیەکی لەسەر بکەین تا ئەو کاتەی تاوانبارەکان دەستگیر دەکەین".
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكیش، ئێستا بكوژانی عەبدولڕەزاق و كوڕەكانی، ئامادە نین خۆیان رادەستی پۆلیس و یاسا بكەن.