پزیشكێكی كوردی لە ستۆكھۆڵم: ئەوەی لە کوردستان کرا لە سویدیش نەکرا
ستایشی رێكارەكانی حكومەتی ھەرێم دەكات
K24 - ھەولێر
پزیشكێكی كورد كە دانیشتووی وڵاتی سویدە، لەبارەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ستایشی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت "ئەوەی لە کوردستان کرا لە سویدیش نەکرا".
د.شوان کەریم، پزیشێكی كوردە و دانیشتووی وڵاتی سویدە لە پۆستێكیدا لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی"ئەوەی لە کوردستان کرا لە سویدیش نەکرا، لێرەوە دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێم و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەی کوردستان و کەناڵەکانی راگەیاندن دەكەم کە بەشەو و رۆژ کار بۆ پارستنی گیانی هاووڵاتییانی کوردستان دەکەن. هەروەها دەستخۆشیی لە ھۆشیاری و وریایی هاووڵاتییان دەکەم".
ئەو پزیشكە دەڵێ: "تا ئەمڕۆ لە وڵاتی سوید نزیکەی 500 حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا و یەکەم حاڵەتی مردنیش تۆمار کراوە. بەڵام تائێستا هیچ رێوشوێنێکی وا بایەخدار نەگیراوەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، جگە لە دانانی دوو ژمارە تەلەفۆن بۆ پەیوەندی لە کاتی بوونی پرسیار، یان گومانکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێنومایکردنی هاووڵاتییان کە لە ماڵەوە بمێنەوە و نەڕۆن بۆ کار".
دەشڵێت: "بۆ وڵاتی سوید، کە رێژەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 10 ملیۆن كەسە و زیاتر لە دوو ملیۆنی دانیشتوان تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵیەوەیە کە مەترسی تووشبوونیان بەم ڤایرۆسە و نەخۆشکەوتنیان زۆر زیاترە لە چاو تەمەنەکانی تر، ساڵانە 200 بۆ400 کەس بە نەخۆشی ئەنفلۆنزا دەمرن. وڵاتی سوید بەو هەموو پێشکەوتنەیەوە، کە وڵاتێکی پێشکەوتووی دنیایە لە هەموو روویەکەوە، چ لە رووی زانستیی پزیشکی و چ ئابورییەوە، بەڵام زۆر خەمساردە بەرامبەر بە هاووڵاتییەکانی، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان".
