عێراق داشکاندن بۆ نەوتی خۆی دەکات

پێشتر سعوودیە بڕیارێكی ھاوشێوەی دابوو

K24 - ھەولێر

عێراق و کوەیت که یەکێک له گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتن رایانگەیاند، داشکاندنێکی گەوره بۆ ئەو نەوته دەکەن که بۆ ئاسیا هەنارده دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی سعوودیە بڕیارێکی هاوشێوەی دابوو.

هەر له چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، عێراق "نەوتی سووکی بەسرە"ی بۆ رادەستکردن له مانگی ئەپریلی ئەمساڵ، 5 دۆلار دابەزاند. هەروەها کۆمپانیای سۆمۆ رێوشوێنی زیادکردنی بەرهەمی خۆی بۆ مانگی داهاتوو گرتۆتەبەر.

حکوومەتی کوەیتیش 6 دۆلار داشکاندنی بۆ بەرهەمی نەوتی خۆی کرد. هەمان داشکاندنی سعوودیه بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.

هەفتەی رابردوو رێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمان (وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی دەرەوەی ئۆپێک به سەرۆکایەتیی رووسیا) بڕیاریان دا رۆژانه 1.5 ملیۆن بەرمیل بەرهەمی نەوتی خۆیان دابەزێنن، بەڵام رووسیا به بڕیارەکه رازی نەبوو، له بەرامبەریشدا سعوودیە که گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێکه، بڕیاری دا بەرهەمی خۆی زیاد بکات و داشکانێکی گەورەشی بۆ کرد.

له چەند هەفتەی رابردوو نرخی نەوت به شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، به جۆرێک نرخی نەوتی برێنت گەیشته 32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.