بۆچی کاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر پیاوان زیاترە وەك لە ئافرەتان

بۆچی پیاون زیاتر دەبنە قوربانی ئەو ڤایرۆسە؟

K24 - هەولێر:

بە دەرکەوتنی ڤایروسی كۆرۆنا لە چین، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەسەرتاپای جیهان دروست بوو. كە کاریگەرییەکانی زیاتر لەسەر چینی گەنجان و کەسە بەساڵاچووەکان دەردەکەوێت بەتایبەتیش رەگەزی نێر.

سەنتەری چینی تایبەت بە کونتروڵکردنی نەخۆشییە گوازراوە کوشندەکان (CDC) کومەڵێك داتا و ئاماری وردی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاوكردووەتەوە.

لە راپورتەکەیاندا ئاماژە بەوە كراوە، ژمارەی پیاو و ئافرەتە تووشبووەکان هەتا رادەیەکی زور لە یەکتری نزیکە، بەڵام توێژەران ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە رێژەی مردن لە نێو پیاوان زیاترە بەراورد بە ئافرەتان، کە دەکاتە لە سەدا (2.8) لە نێو پیاوان بەرامبەر بە لەسەدا (1.7) رێژەی ئافرەتان.

پێشتریش لەکاتی بڵاوبوونەوەی هەردوو ڤایرۆسی (سارس) و (مێرس) کە دوو ڤایرۆسی خێزانی كۆرۆنان، ژمارەی قوربانیان لە نێو پیاوان زیاتربوو وەک لە ئافرەتاندا.

بەپێی راپۆرتێکی  Annals of Internal Medicine هەروەها لە ساڵی 2003یش لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سارس لە هۆنگ کۆنگ سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەی ئافرەتە تووشبووەکان زیاتربوو لە پیاوان، بەڵام رێژەی مردنی پیاوان بەهۆی ڤایروسەکەوە لە سەدا 50 زیاتربوو وەك لە ئافرەتاندا.

لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای ئیسپانی لە ساڵی 1918 رێژەی مردنی پیاوە گەنجەکان زۆر زیاتربوو بەراورد بە هاوتا ئافرەتەکانیان، پیاوە مردووەکان بەهوی پەتای رۆژهەلاتی ناوەڕاست (مێرس) بە رێژەی لە سەدا 32 زیاتربوو بەرامبەر بە سەدا 25.8 لە ئافرەتاندا.

بە گوێرەی بۆچوونی هەندێك لە زانایان کومەڵێك هۆکار هەن کە کاریگەربی ئەم ڤایرۆسانە زیاتر لەسەر پیاوان دەردەکەوێت، لەوانەش هۆکاری بایۆلۆژی و هەندێك هۆکاری دیكەش کە پەیوەستن بە شێوازی ژیانی پیاوانەوە.

جێگای سەرنجە کە لەکاتی بەراوردکرنی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ دەردەکەوێت، کە رەگەزی نێر کەمتر بەرگەی ڤایرۆسەکان دەگرێت وەک لە رەگەزی مێ.

سارا کلاین زانایەکی پزیشکییە لە زانکۆی جۆن هوپکینز کە چاودێری کاریگەرییەکانی ڤاکسین و نەخۆشییە کوشندەکان دەکات لەسەر هەردوو رەگەزی نێر و مێ، دەڵێت: " لە زۆربەی هەرە زۆری پەتا ڤایرۆسییەکاندا دەرکەوتووە کە کاریگەرییە خراپەکانیان لەسەر پیاوان زیاتربووە و بەشێوەیەکی بەرچاو پیاوان کەمتر بەرگەی ئەو جۆرە ڤایرۆسانەیان گرتووە،/ بەتایبەتی بەرامبەر بەو ڤایرۆسانەی کە هێرش دەکەنە سەر کۆئەندامی هەناسە".

گوتیشی: "سیستەمی بەرگری ئافرەت جەنگێکی بەهێزتر دەکات دژ بەو جۆرە ڤایرۆسانە و وەڵامدانەوەی خێراتری هەیە لەکاتی وەرگرتنی ڤاکسینەکان، هەورەها شێوازی پەرەسەندنی بەرگری لەشی ئافرەت خێرا و پێشکەوتووترە".

د. جانین کلایتون، بەرپرسی نووسینگەی توێژینەوەکانی تەندروستی ژنان لە پەیمانگای تەندروستی نیشتمانی دەڵێت: "دەبێت سیستەمی بەرگری لەشی ژنان تایبەتمەندییەکی زیاتری هەبێت کە وای کردبێت بەو شێوەیە چالاك بێت".

هەروەها دەڵێت: "بێگومان ئەو چالاکییە لەرادەبەدەرەی بەرگری لەشی ئافرەت ئەنجام و دەرکەوتە خراپەکانی خۆی هەیە ، چونکە لەگەڵ زیاد چالاكبوونی بەرگری لەش لەکۆتاییدا بەپێچەوانەوە دژ بە لەش هەڵدەگەڕێتەوە و هێرش دەکاتە سەر ئەندام و کۆئەندامەکانی لەش، هەر بۆیە نزیکەی 80 لەسەدی ئەو نەخۆشییانەی لە ئەنجامی هەڵگەڕانەوەی بەرگری لەشەوە دروست دەبن، تووشی ژنان دەبن، لەوانەش نەخۆشی هەوکردنی جومگەکان و رۆماتیزم و لوپوس".

زانا تایبەتمەندارەکان رایدەگەیێنن کە هەتاکو ئێستا ئەوهۆکارانەری لە پشت بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری لەشی ژنانەوەیە، نەزانراون و توێژینەوە زانستییەکان لەو بارەیەوە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندان.

 سەرچاوە: independent.co.uk

وەرگێران: ئەحمەد شەمسەدین