ئەڵمانیا.. خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ دابەشکران
خولی حەوتەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ، لەژێر دروشمی "سینەما یادەوەرییە"، لە ئەڵمانیا و لە سینەمای شۆبێرگ فیلمپالاست بەڕێوەچوو و هەشت خەڵاتی سەرەکیی بەسەر فیلمە بەشداربووەکان دابەشکران.
دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، جەنگۆ شەریف، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ بە کوردستان24ی راگەیاند، " ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا و 913 فیلم لە 102 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کرد و لە نێوان ئەو ژمارە زۆرە، 75 فیلم بۆ قۆناخی کێبڕکێی فەرمی هەڵبژێردران، لەوانەش 35 فیلم هەلی نمایشکردنیان لەسەر شاشەی فێستیڤاڵەکەیان بەدەستهێنا."
گوتیشی، "لە کۆتایی خولی حەوتەم دا، هەشت خەڵات لە بەشە جیاوازەکاندا دابەش کران و فیلمسازان و بەشداربووانی سەرکەوتوو خەڵاتەکانیان وەرگرت. خەڵاتە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە بە بەشەکانی باشترین فیلمی کوردی، باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری، باشترین فیلمی ئەنیمەیشن، باشترین فیلمی نێودەوڵەتی، باشترین ئەکتەر، باشترین سیناریۆ و باشترین سینەماتۆگرافی دابەش کران."
جەنگۆ شەریف باس لە دابەشکردنی خەڵاتەکان بۆ فیلمە بەشداربووەکان دەکات و دەڵێت، "خەڵاتەکانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ هەشت خەڵاتی سەرەکیی وەکو، خەڵاتی باشترین فیلم درا بە فیلمی کۆتایی، لە بەرهەمهێنەرەکانی وەکو، ئەڵڤیس جیجی، فرانسوا ئێسترادا، ژان، ماری ڤیلنۆڤ. خەڵاتی باشترین دەرهێنەر درا بە میشێل دەنکا بۆ فیلمی بانگی پەرێشانی. خەڵاتی باشترین ئەکتەر درا بە مارتا سوتۆر بۆ فیلمی پەیوەندی. خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی درا بە جیانا بادیالی بۆ فیلمی سێ بەیانییە. خەڵاتی باشترین سیناریۆ درا بە تێلییا پێتراکی بۆ فیلمی 400 کاست. خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی درا بە ماڵ دروستکراو لە دەرهێنانی رۆژدا ئەزگی ئۆڕاڵ. خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی درا بە تەرمی دارین لە دەرهێنانی سادق کازمی. خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن درا بە هاوڕێ وەک هاوڕێ، ئاسک وەک ئاسک لە دەرهێنانی مالیک ئەقباڵی.
خولی حەوتەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ، بەبەشداری چەندین فیلمی جۆراوجۆر، رۆژی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، لە ئەڵمانیا لە سینەمای شۆبێرگ فیلمپالاست بەڕێوەچوو و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.