لەبارەی دەوامی كەرتی تایبەت لە سلێمانی بڕیار دەدرێت
سەبارەت بە دەوامی رۆژانی داھاتووی كەرتی تایبەت
K24 - سلێمانی
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە راگەیەندراوێكدا كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت ئاگادار دەكاتەوە كە بڕیاری قەدەغەی ھاتووچۆ ھەمووان دەگرێتەوە و لە رۆژانی داھاتووشدا دەوامیان كەم بكەنەوە و پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی بن.
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "وەک لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، هەموو کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە سنووری شاری سلێمانی و دەوروبەریدا ئاگادار دەکەینەوە کە:
1- بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆ هەموو ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانە دەگرێتەوە، جگە لەو بوارە خزمەتگوزارییە تایبەتانەی وەک تەندروستی و کۆمۆنیکەیشن و کارەباو ئینتەرنێت و پاکردنەوەو خزمەتگوزارییەکانی کە قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی دیاریدەکات (بەپێی پێویستی ئێشکگرانەی دیاریکراو)، لە ڕۆژانی 14، 15/ 3/ 2020 و هەر رۆژێکی تردا کە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆی تێدا بدرێت.
2- پێویستە لە رۆژانی ترو شوێنەکانی تری سنووری پارێزگای سلێمانی هەموو ئەم کۆمپانیا و دامەزراوانە ماوەی کارکردن کەمبکەنەوەو ژمارەی کارمەندەکانیان لە شوێنەکاندا بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان بێت.
3- تەواوی کۆمپانیا و دامەزراوەکان پاکژ بکرێنەوەو دەرمانپژ بکرێن.
4- پێویستە تەواوی پێداویستییەکانی خۆپارێزیی و پاکژکردنەوە بۆ هەموو کارمەندان و میوانەکانیان لەژێر رێنماییە تەندروستیەکاندا بێ بەرامبەر دابین بکەن.