مەلا عەبدولەتیف بامۆكی كۆچی دوایی كرد

پەرلەمانتاری خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بوو

K24 - ھەڵەبجە   

بەرەبەیانی ئەمڕۆ كەسایەتی ناسراو و مامۆستای ئایینی ئیسلامی مەلا عەبدولەتیف بامۆكی، لە ھەڵەبجە كۆچی دوایی كرد، بنەماڵەكەشیان ھاووڵاتیان ئاگادار دەكەنەوە، كە بەھۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا پرسەی بۆ دانانێن.

مەلا عەبدولەتیف بامۆكی، پەرلەمانتاری خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بوو لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و كەسایەتییەكی ناسراوی ئایینی و كۆمەڵایەتی ھەڵەبجە و كوردستان بوو.

لە راگەیەندراوێكدا بنەماڵەی زانا و مەلا و سیاسەتمەداری كورد (م. مەلا عەبدولەتیف بامۆكی) ئاشكرایان كرد: "بە دڵی پڕ لە ئیمان و پەژارەی زۆر و رازیبوونمان بە بڕیاری پەروەردگارەوە، ھەواڵی كۆچی دوایی باوك و مامۆستا و كەسایەتیی و زانای كورد، (م. مەلا عەبدولەتیف بامۆكی) رادەگەیەنین، كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 14/3/2020 بە نەخۆشیی ئاسایی گەڕایەوە بۆ لای خوای پەروەردگار. لەبەر سەلامەتیی و چاكەی گشتیی و وەك پابەندبوونمان بە رێنماییە تەندروستییەكان و بە ھۆكاری پاراستنی گیانی ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە و كوردستان، پرسەی بۆ دانانێین، ھەرچەندە قورسە و گرانە بۆ ئێمە و ئازیزان. ھەر خزم و دۆست و ھاوشاریی و ئازیزێك لە شوێن و ماڵی خۆیەوە، دوعای بۆ بكات، ئێمە و رۆحی مامۆستا شاد و ئارام دەكات، بە تایبەت ئازیزان لە شارەكانی تر و خزمانی رۆژھەڵات و دەرەوە".

لەو دۆكیۆمێنتەرییەی كوردستان24 كە تایبەتە بە بۆردومانی ساڵی 1974ی ھەڵەبجە، مەلا عەبدولەتیف بامۆكی یەكێكە لە بەشداربووان و قسە لە بارەی ئەو رووداوە تراژیدییە دەكات.