راگەیەندراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێرەوە
"باری تەندروستی د. ئەحمەد ئیسماعیل جیگیرە"
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا رەتیدەكاتەوە كە د. ئەحمەد ئیسماعیل عەبدولغەنی گیانی لەدەستدابێت. راشیدەگەیەنێت، باری تەندروستی جێگیرە.
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "هەموو ئەو پڕوپاگندانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە (د. ئەحمەد ئیسماعیل عەبدولغەنی)پزیشکی پسپۆڕی چاو کۆچی دوای کردووە، بۆ رای گشتی و خەڵکی شاری هەولێر رووندەکەینەوە کە ئێستاکە باری تەندروستی جێگیرەو لە ژێر چاودێری پزیشکدایە و ئەم هەواڵانە دوورن لەڕاستی".
دوێنێ وەزارەتی تەندروستی ئاشكرای كرد، د. ئەحمەد ئیسماعیل عەبدولغەنی، كە پزیشكی نەخۆشییەكانی چاوە لە ھەولێر، تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و ھەر ھاووڵاتییەك لەو ماوەیەدا سەردانی كردووە پێویستە پشكنین ئەنجامبدات.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر جەختیكردەوە، كە باری تەندروستی ئەو دكتۆرە جێگیرە.