وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ له‌ باره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ هه‌ن بخوێنه‌وه‌

دوایین توێژینه‌وه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌ باوه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه‌ به‌ (CoronaVirus Disease – 2019) و كورتكراوه‌ی كۆڤید-19 ناونراوه‌، له‌ كۆتایی له‌ ساڵی 2019 له‌ شاری ووهان، هه‌رێمی هوبه‌ی چین بڵاوبۆوه‌، به‌ گوێره‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO)، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ بووه‌ته‌ په‌تایه‌كی جیهان.

تا ئێستاش له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان، 147هه‌زار و 965 حاڵه‌ت تۆماركراوه‌، له‌و ژماره‌یه‌ 72 هه‌زار و 572 كه‌س چاره‌سه‌ر كراون، نزیكه‌ی 5 هه‌زار و 547 كه‌سی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر كارزان محه‌مه‌د، بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین و پسپۆری زانستی مایكرۆبایۆلۆژی پزیشكی، دوایین ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كان له‌ باره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ باوانه‌ی له‌سه‌ر كۆرۆنا هه‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌.

پرسیار: ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا تا چەند لە ھەوا دەمێنێتەوە؟

وەڵام: بە پێی توێژینەوەکان تا 3 کاتژمێر.

پرسیار: ئەی لەسەر ماددەکانی دیكه‌؟

وەڵام: لەسەر کارتۆن و پارە بۆ ماوەی 1 رۆژ. لەسەر پلاستیك و ستیل بۆ ماوەی 3 رۆژ، ئەگەر وەکو ڤایرۆسەکانی سارس و مێرس ھەڵسوکەوت بکات ئەوا تا 9 رۆژ لەسەر شووشە و ئاسن دەمێنێتەوە.

پرسیار: بۆچی منداڵ تووش نابێت؟

وەڵام: تائێستا بە تەواوی نەزانراوە بەلام منداڵی 1-9 مانگ زۆر بە دەگمەن تووش دەبن ئەویش لەوەیە بگەڕێتەوە بۆ ھۆکاری ئەوەی منداڵ ھێشتا خانەکانی سییەکانی بە تەواوی درووست نەبووە بۆیە نشینگە و پێوەنووسانی ڤایرۆسەکە بوونی نییە.

پرسیار: بۆچی پیر و بەتەمەنەکان بەقورسی دەیگرن؟

وەڵام: بە تەمەندا چوون دەبێتە ھۆکاری لاوازی خانە و پرۆتینەکانی بەرگری بۆیە بەرگەگرتنیان قورس دەکات، ھەوکردن لە لەشیان زیاد دەبێت بەمەش یارمەتی زۆربوونی ڤایرۆسەکە دەدات، توێژینەوەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵ و شەکرەیان ھەیە مەترسی مردنیان لەسەرە بە ھۆی نەخۆشی کۆڤید-19.

پرسیار: ئایا ماوەی 14 رۆژ بەسە بۆ کەرەنتینە کردن و نەمانی ڤایرۆسەکە؟

وەڵام: تەنھا 1٪‏ ی ئەو کەسانەی دوای 14 رۆژ کەرەنتینە ڤایرۆسەکە لە لەشیان دەردەکەوێت.

پرسیار: دوای چاکبوونەوە ڤایرۆسەکە لە لەشت دادەمێنێتەوە؟

وەڵام: دوای چاکبوونەوە تا 15 رۆژ ھەندێک لە نەخۆشەکان لەتاقیگە پۆزەتیڤ دەردەچن کە ئەویش بە پێی توێژینەوەکان ڕەنگە پاشماوەی RNA کە ترشە ناووکی ڤایرۆسەکەیە ماوەتەوە و نەخۆشی دروست ناکات و ناگوازرێتەوە.

پرسیار: ئەی چی بکرێت لەو حاڵەتە بۆ ئەوەی دووبارە کەرەنتینە و داخلی نەخۆشخانە نەکرێن؟

وەڵام: لەبەر ئەوەی پشکنین بە rt-PCR تەنھا بە دوای ھەبوونی RNA دا دەگەڕێت، باشتر وایە سکانی تۆمۆگرافی CT Scan بۆ ئەو نەخۆشانە بکرێت بۆ دڵنیا بوونەوە لە سەلامەتیان.

پرسیار: کەواتە پشکنین بە rt-PCR ھەڵەی تێ دەکەوێت؟

وەڵام: رێژەی دڵنیایی و درووستی لە پشکنینەکە زۆرە، بەڵام جاری وا ھەیە ھەڵەی تێدەکەوێت لەبەر چەند ھۆکارێک:

1- کەمی ڤایرۆسەکە لە نموونەی وەرگیراو لە نەخۆش.

2- بەھەڵە بەستنی primer واتە دەسپێکی کارلێکەکە.

3- ھەبوونی ترشی ناووکی دیكه‌ لە کاتی گواستنەوە یان لە کاتی ئامادەکردنی نموونەکە.

ئەی چارەسەر؟

1- ھەبوونی کۆنترۆڵی پۆزەتیڤ لەگەڵ ھەموو گەڕێکی پشکنین بۆ نموونەکان.

2- باشتر وایە سکانی تۆمۆگرافی CT Scan بۆ ئەو نەخۆشانە بکرێت بۆ دڵنیا بوونەوە لە سەلامەتیان.

پرسیار: راستە دوای چاكبوونەوە توانای ھەناسەدانمان کەم دەبێتەوە؟

وەڵام: ھەندێک لە دکتۆرەکان ئەوەیان بینیوە لە ھەندێک لە نەخۆشەکان سەدا 20 تا 30 دوای چاکبوونەوە، لە کاتی رۆیشتنی خێرا توانای ھەناسەدانیان کەمبووە و تووشی ھەناسەبڕکێ بوون، بەڵام پێشبینی دەکەن کە بە تێپەڕبوونی کات باشتر ببن.

پرسیار: ئایا ڕاستە ئەو ڤایرۆسە 2 جۆری ھەیە S و L ؟

وەڵام:  ھەندێك سەرچاوەی ئێرانی باسیان لەوە کردووە، بەڵام شارەزا و زاناکان بڕوایان وایە ئەمە تەنھا ھەڵەی شیکردنەوەییە. ڤایرۆسی کۆرۆنا وا بە ئاسانی و زوویی خۆی ناگۆڕێت. جیا لەوەش ئەگەر ئەو بۆچوونە ڕاست بێت ئەوا ھەرچی ھەوڵی دۆزینەوەی ڤاکسینە شکست دەھێنێت.

پرسیار: ئایا کەرەنتینەکردن یارمەتی رێگریکردن دەدات لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە؟

وەڵام: بەڵێ بە دڵنیاییەوە. بە پێی توێژینەوەیەك ئەگەر شاری ووھان لە چین کەرەنتینە نەکرابووایە ئەوا ئێستا 80 جار زیاتر خەڵك تووشی ڤایرۆسەکە دەبوو و بڵاودەبووەوە.

جیا لەوەش ئەگەر ڕێگری لە بڵاووبونەوەی نەکرێت ئەوا توانای نەخۆشخانەکان پڕ دەبێتەوە و جێگا و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ژمارەیەکی زۆر نییە، بەمەش رێژەی مردن زۆر زیاد دەبێت، بە نموونە ئێران و ئیتاڵیا.

پرسیار: ئایا ئەم ڤایرۆسە بە گەرما لە ناو دەچێت؟

وەڵام: بەڵێ، بە پێی دوایین توێژینەوەکان گەرمای وشك چانسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆر کەم دەکات، بەڵام ھێشتا توانای مانەوە و گواستنەوەی ھەیە لە نێوان مرۆڤەکان.

پرسیار: ئەی چی بکەین؟

وەڵام: گۆڕینی ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی، دەست شووشتنی بەردەوام، تەوقە نەکردن، دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخی و جەنجاڵی، ئەمەش بە شێوەیەکی کاتی تا ئەو کاتەی زاناکان ڤاکسین و پێکووتەیەک دەدۆزنەوە.

 

سەرچاوە: دوایین توێژینەوەکان