پەیامێک لە هاتووچۆی هەولێرەوە
بڕی ئەو سزایانە دیاری دەکات لە ئەگەری پابەندنەبوونی شۆفێران
K24- هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، هاووڵاتیانی هەولێر پابەندن بە رێنماییەکان و داواش دەکات خەڵک زیاتر پەبەند بن، بڕی ئەو سزایەش دیاری دەکات ئەگەر سەرپێچی بکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هاتووچۆی هەولێر، ئەگەر سەرپێچی بکرێت، کەسەکە سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەی نێوان رۆژێک تاکو 6 مانگ یان پێبژاردن. هەرەوها دەست بەسەر ئۆتومبێلەکەشی دادەگیرێت.
دەقی راگەیەندراوەکە:
لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پاراستنی گیان و ژیانی هاووڵاتیان حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندوە کە لە کاتژمێر12ی شەوەوە چۆتە بواری جێبەجێکردن و سوپاس بۆخوا تاکو ئێستا قەدەغەکردنەکە زۆر بەباشی دەڕوات و هیچ حاڵەتێکی دەرچوون لە فەرمانەکە تۆمار نەکراوە کە شایانی باس بێت وە ئێمە لێرەوە داوای پابەندی زیاتریش لە هاووڵاتیان دەکەین بۆ ئەوەی پارێزراو تر بن، هەروەها لەبەر ئەوەی حەز ناکەین لەم بارودۆخە ناسکەدا کەس توشی سزادان بکەین، کە بەپێی یاسای سزادانی عێراقیش هەر کەسێک پابەندی فەرمانەکانی دەرچوو لەسەروو خۆی یان لە فەرمانگە باڵاکانی حکوومەت نەبێت، سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەی نێوان رۆژێک تاکو 6 مانگ، یان پێبژاردن و هەرەوها دەست بەسەر ئۆتومبێلەکەشی دادەگیرێت، کە ئەمە لەمادەی 240 داهاتووە، بۆیە داوا لە هەموو هاووڵاتیان دەکەین لە ئاستی بەرپرسیاری بن، پابەندی قەدەغەی هاتووچۆ و رێنماییە تەندروستیەکانیش بن.
لە خودای گەورەش داواکارین هەرێمەکەمان هەموو جیهان بپارێزێت لەم بەلایە گەورەیە.