راگەیندراوێك لەوەزارەتی پێشمەرگەوە

هەر کەس و لایەنێك تەشهیر بکات و هانی پێشمەرگە بدات لە گرتنەبەری رێکاری پێچەوانەی یاسا رووبەڕوی دادگا و یاسایان دەکەینەوە

K24- هەولێر:

ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی دەکەینەوە، کە بەباشی لە دۆخ و گوزەرانی هێزەکانی پێشمەرگە تێدەگەین و بەسنگفراوانیەوە پێشوازی  لەنیگەرانی و سەرنجەکانیان دەکەین لەسەر ماف و شایستە داراییەکانیان، بەڵام بەتوندی لەبەرامبەر هەر موزایەدە و ناوزڕاندنێك دەوستینەوە، کە لەرێگەی ئەو پرسەوە بە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانمان بکرێت.

روونە کە رێکارەکانی لیژنەی باڵای حکومەت بۆ رووبەڕووبونەوەی پەتای کۆڕۆنا و رێنمایەکانی وەزارەتی تەندروستی، بووەتە هۆکاری دابەش نەکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگه.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەرێگەی وەزارەتی پێشمەرگه و وەزارەتی داراییەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاون بە دۆزینەوەی میکانیزمێك بۆ دابەشکردنی مووچە لە زووترین کاتدا، بەجۆرێك زیان بە پڕۆسەی کەرەنتینەی گشتیی وتەندروستی هەمووان نەگەینێت.

لە سۆنگەی بەرپرسیاریێتی نیشتمانیی و ئەخلاقیمانەوە، پابەندی خۆمان بەو رێکار و بڕیارانە دووپاتکردووەتەوە، هەر کەس و لایەنێکیش تەشهیر و ناوزڕاندن بکا و هانی پێشمەرگە بدات لە گرتنەبەری رێکاری پێچەوانەی یاساو پرەنسیپەکانی سەربازی، رووبەڕوی دادگا و یاسایان دەکەینەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

١٥ی ئازاری ٢٠٢٠

H.B