پۆلیسی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی گرتە ڤیدیۆیەک دەدات

گوایە کەسێک بەهۆی کۆرۆنا لە هەولێر مردووە

K24 – هه‌ولێر:

پۆلیسی هەولێر دوو کەس دەستگیر دەکات، کە دەنگۆی مردنی پیاوێکیان بەهۆی کۆرۆنا بڵاوکردبووەوە، لە کاتێکدا کەسەکە بەهۆی نەخۆشی لەهۆش خۆی چوو بوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی هەولێر، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەك لە ئەكاونتێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكرایەوە، گوایە كەسێك بە ھۆی پەتای كۆرۆنا لە ناو كۆڵانێك كەتووە و كەس ناچێ بەلایەوە".

لە راگەیەندراوەکە هاتووە: "تیمێكی لێكۆڵینەوە لە پۆلیسی ھەولێر بەدواداچوونی وردی كرد و دەركەوت ئەو كەسەی لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێ، نەخۆشییەكی ئاسایی ھەبووە و لەو كاتەدا لەوێ بووراوەتەوە و پەیوەندی بە كۆرۆناوە نەبووە".

ئاشکراشکراوە، ئەو دوو كەسەش كە ڤیدیۆكەیان بڵاوكردۆتەوە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (240) لە یاسای سزادان، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراون و رەوانەی دادگا كراون.